رووسیا ڤیزەی ئەلیکترۆنی بە گەشتیارانی بیانی دەدات

رووسیا
رووسیا

K24 – مۆسکۆ:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لە 1ـی مانگی ئابەوە دەست دەکەن بە پێدانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی بە هاووڵاتیانی بیانی، ئەم راگەیاندراوەش لە ماڵپەڕی فەرمیی بەشی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی رووسیای فیدراڵدا بڵاوکراوەتەوە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، ڤیزە ئەلیکترۆنییەکە مافی یەکجار هاتنە ناوەوە بۆ رووسیا و مانەوەی  تەنیا 16 رۆژ لەو وڵاتە بۆ گەشتیارانی بیانی دەستەبەر دەکات.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی رووسیا روونیکردووەتەوە، بیانییەکان دەتوانن بە مەبەستی میوانی، بازرگانی، گەشتیاری، یاخود بەشداریکردن لە بۆنە زانستی، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی-سیاسی، ئابووری و وەرزشییەکان سەردانی وڵاتەکەی بکەن بە ڤیزای ئەلیکترۆنی.

هەروەها داواکاری بۆ ڤیزەی ئەلیکترۆنی دەبێت لە ماوەی چوار رۆژی کارکردندا، پێش رێکەوتی چوونە ناو رووسیا پێشکەش بکرێت و بەڵگەنامەی ڤیزاکەش بۆ ماوەی 60 رۆژ کارا دەبێت و لەو ماوەیەدا هاووڵاتی بیانی دەتوانێت تەنیا 16 رۆژ لە رووسیا بەسەر ببات.

بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئەلیکترۆنی، ئەو کەسانەی دەخوازن بچنە رووسیا، تەنیا پێویستە وێنەیەکی کەسی خۆیان و سکانی پەڕەی یەکەمی پاسپۆرت لە رێگەی لینکی داواکاری ڤیزەی ئەلیکترۆنی پێشکەش بکەن https://electronic-visa.kdmid.ru.

لەگەڵ ئەوەشدا، تاوەکو ئێستا هاووڵاتییانی 52 وڵات دەتوانن لە وەرگرتنی ڤیزەی ئەلیکترۆنی بۆ چوونە رووسیا سوودمەندبن و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەریەکە لە وڵاتانی ڤێتنام، کەمبۆدیا و میانماریش بۆ ئەو لیستە زیاد دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە، لینکێکی داناوە، https://evisacheck.kdmid.ru بۆ ئەوەی بزانن کە هاووڵاتی بیانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی هەیە یاخود کارا نەبووە، پێش ئەوەی سەردانی رووسیا بکات.