سه‌رۆكی فه‌له‌ستین و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، 25ـی ته‌مموز مه‌حموود عه‌باس سه‌رۆكی فه‌له‌ستین  و 28ـی ته‌مموز بنیامین ناتانیاهو سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا باس له‌وه‌شكراوه‌، عه‌باس و ناتانیاهو له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن و له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كاندا، بیروڕا له‌باره‌ی پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌له‌ستین، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا-فه‌له‌ستین، دوایین پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ناكۆكی نێوان فه‌له‌ستین-ئیسرائیل و بابه‌ته‌ هه‌نووكه‌ییه‌ جیهانیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه‌ تاووتوێ ده‌كرێن.

باس له‌وه‌شكراوه‌، رۆژی 28ـی ته‌مموز  ناتانیاهو سه‌ردانی توركیا ده‌كات سه‌رجه‌م ره‌هه‌نده‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا-ئیسرائیل چاوی پێدا ده‌خشێنرێته‌وه‌ و تاووتوێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌كرێت له‌پێناو په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بهاوێژرێن. بیروڕا له‌باره‌ی پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت.