به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆی هه‌ولێر: لە دوو رۆژی داهاتوودا سەرجەم ئەو گەنمەی لە سایلۆ حکومییەکان وەرنەگیرابوون، وه‌رده‌گیرێن

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، لە دوو رۆژی داهاتوودا سەرجەم ئەو گەنمەی کە لە سایلۆ حکومییەکان وەرنەگیرابوون، لە سایلۆ تایبەتەکان وەردەگیرێن.

سەعید عومەر بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکەی 10 هەزار تۆن گەنم کە بەرهەمی نزیکەی 300 جوتیار بوو لە سایلۆ تایبەتەکان وەردەگیرێن.

گوتیشی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو گەنمە وەرگیراوە و لە دوو رۆژی داهاتووشدا پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە کۆتایی پێدێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتیشی، ئەو 10 هەزار تۆن گەنمەی جوتیاران کە لە سایلۆ حکومییەکان نەتواندرابوو وەربگیرێت و ئێستا لە سایلۆ تایبەتییەکان بە هەمان نرخ و بەپێی پشکنینەکان وەردەگیرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان، بەشێك لە جوتیاران گردبوونەوە و راستەوخۆ سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان هاتە سەرهێڵ و بڕیاریدا کە لە زووترین کات کێشەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران چارەسەر بکرێت.