پۆلیسی راپەڕین: لەسبەینێوە هەرکەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێ بگیرێت، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت

K24 - هەولێر:

شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند، حەوت بنکەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتیان لەسنووری راپەڕین کردووەتەوە و خەڵکی پەیتا پەیتا روو لەبنکەکان دەکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان.

راشیگەیاند، لەسبەینێوە هەرکەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێ بگیرێت، بەپێی یاسا سزای دوو ساڵ زیندانی و لانیکەم دوو ملیۆن دینار غەرامەی بەسەردا دەسەپێندرێت.

پێشتریش هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئه‌مڕۆ هەینی 21ـی تەممووزی 2023، پڕۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و پێشبینی ناکرێت وادەکە زیاتر درێژبکرێتەوە.

بەگوتەی هێمن میرانی، زۆرترین ژمارەی چەکی بێ مۆڵەت لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە و کەمترین ژمارەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. ئەوەشی خستەڕوو، چەکی قورس یان جەنگی بەهیچ شێوەیەک تۆمارناکرێت، لە هاووڵاتییان وەردەگیرێتەوە و لە بەرامبەردا قەرەبوو دەکرێنەوە.

پەرلەمانی کوردستان رۆژی 1ـی ئاداری 2022 یاسای ژمارە دووی چەکی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد. بەگوێرەی ماددەی 15ـی یاساکە؛ هەر کەسێک بە بێمۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دابوو، "لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لە گەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکات ئەگەر پێویستی بێت یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئایندەدا بە چاودێری وەزارەتی ناوخۆ دەکرێنەوە."

رۆژی 14ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ناوی 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی راگەیاند. بەو پێیەش ژمارەی ئەو بنکانە لە شار و شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 95 بنکە. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتیان کرد "بەزووترین کات سەردانی یەکێک لەم بنکانە بکەن کە بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و چەکەکانتان بێ بەرامبەر تۆمار بکەن."

بەگوێرەی یاسای 15ـی تایبەت بە چەک کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، نابێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر بێت. هاوکات دەبێت لە رووی دەروونی و جەستەیییەوە کێشەی نەبێت و پێشتر تاوانی ئەنجام نەدابێت و پاساوێکی گونجاوی بۆ هەڵگرتنی چەک هەبێت.

بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراون: سلێمانی 22 بنکە، هەولێر 18 بنکە، دهۆک 14 بنکە، ئیدارەی سۆران نۆ بنکە، ئیدارەی راپەڕین هەشت بنکە، هەڵەبجە شەش بنکە، ئیدارەی گەرمیان شەش بنکە، ئیدارەی زاخۆ پێنج بنکە و ئاکرێ دوو بنکە.