ئهردۆغان: ههماههنگییهكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێزتردەبن
K24 - هەولێر:
سەرۆكکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ههماههنگییهكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێزتر دەبن و گوتی: "پشت بەخوا بە ماوەیەکی کورت کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەمە لەسەر ئابووریمان دەردەکەوێت".
لەمیانی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا لەو گەشتەکەی کە بۆ وڵاتانی سعوودییە، قەتەر و ئیمارات ئەنجامی دا، ئەردۆغان لەناو فڕۆکەدا هەڵسەنگاندنی کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەو گرنگیدانەی کە لەماوەی سەردانەکەیدا بە خۆی و شاندەکەی درا و ئاماژەی بەوە دا کە لە سەردانەکەیاندا کۆبوونەوەی زۆر بەرهەمداریان ئەنجامداوە.
ئهردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ههماههنگییهكانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەو پڕۆژە کۆنکرێتییانەی لەئایندەدا ئەنجامیان دەدەن بەهێزتر دەبێت و گوتی: "پشت بەخوا بە ماوەیەکی کورت کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەمە لەسەر ئابووریمان دەردەکەوێت. لە سەردانەکەماندا بۆ کەنداو، گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنمان لە بواری بەرگریی و فڕۆکەوانیدا واژوو کرد. ئەم رێککەوتنانە بوونی متمانەی وڵاتانی کەنداو بە ئابووری و پیشەسازیی تورکیا دەردەخەن".
هاوکات ئەردۆغان باسی لە پێشوەچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ میسر کرد و گوتی: "بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ میسر توانای ئابوورییمان زیاتر دەکات. سەردانی لیبیا دەکەم کە رەنگە گەشتێکیش بۆ هەندێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا بکەم".
ئەردۆغان ئاماژەی بە دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دا و رایگەیاند: " پەیوەندی لەگەڵ ناتانیاهو دروست دەکەینەوە. هیوادارین ئەم پێشهاتە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل".
سهرۆككۆماری توركیا هەروەها سەبارەت بە پرسی ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ، گوتی: "هەنگاونانی کردەیی سوید لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رادەستکردنەوەی تیرۆریستان لە بەرژەوەندی خۆیدایە. چاوەڕێی بردنە سەری ئەو دڵنیاییانەین، سوید پێی داوین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پرسی رێڕەوی رەوانەکردنی دانەوێڵە کە ماوەکەی کۆتایی هاتووە و گوتی: "پێموایە بە گفتوگۆکردنی تێروتەسەل لەگەڵ پوتن باوەڕی پێ دەهێنین، رێڕەوی رەوانەکردنی دانەوێڵە بەردەوام بێت. پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا بەپیر داواکارییەکانی پوتنەوە بێن. سەرەتا بە تەلەفۆن و ئەگەر سەردانەکەی پوتن لە مانگی ئاب ئەنجام بدرێت، بە وردی تاوتوێی ئەو پرسە دەکەین. باوەڕم وایە بەردەوامی دەدەین بە دەستپێشخەری دانەوێڵە لە دەریای رەش".