شارەزایەکی کەشناسی: سبەی تاوەباران لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دەبارێت

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی ئەوە دەکات سبەی شەممە تاوەباران و هەورەبروسکە، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر بگرێتەوە و پلەی گەرماش پلەیەک لە ئەمڕۆ هەینی بەرزترببێتەوە.

رۆژی هەینی (21ـی تەمموزی 2023)، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشوهەوا بڵاودەکاتەوە رایگەیاندووە، سبەی شەممە ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و ھەورەبروسکە لەبەشێکی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری قەزای چۆمان هەیە.

ئەو شارەزای کەشناسییە ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی شەممە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆریی ساماڵ و لەکاتەکانی پاش نیوەرۆشدا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەھەور و ھەندێک کاتیش نیمچە ھەور.

لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە ئاراس جەبار پێشبینی ئەوە دەکەن،پلەکانی گەرما بە رێژەی یەک پلە بەراورد بە ئەمڕۆ هەینی بەرزتر بێتەوە و بای باکووری رۆژھەڵات لە کاتەکانی سبەی شەودا لەناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین چالاک ببێتەوە بەخێرایی 15-35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

هەروەها پێشبینی دەکات سبەی گەرمیان هەر بە گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە بە 47 پلەی گەرمی و دوای ئەویش کەرکووک دێت بە 45 پلەی گەرمی و هەر یەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەش پلەی گەرمی بگاتە 44 پلە و پارێزگای سلێمانیش بە 43 پلەی گەرمی فێنکترین ناوچەی هەرێمی کوردستان بێت.