دوو كچه ئۆكرانی ته‌ڵه‌ی هه‌نگوینی بۆ ده‌یان سه‌ربازی رووسی داده‌نێنه‌وه و فریویان ده‌ده‌ن
K24 – هەولێر:
ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه دوو كچی ئۆكرانی كه ته‌مه‌نیان بیست ساڵ ده‌بێت له رێگه‌ی هه‌ژماری ساخته‌وه توانیویانه دڵ و سه‌رنجی ده‌یان سه‌ربازی رووسی بۆ لای خۆشه‌ویستی و سۆزداری خۆیان رابكێشن، به‌ڵام به ئامانجی دیكه.
ئه‌و دوو كچه ئۆكرانییه له رێگه‌ی هه‌ژماره‌كانیانه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، ته‌ڵه‌یه‌كیان بۆ سه‌ربازانی رووسی له وڵاته‌كه‌یان داناوه‌ته‌وه و ماوه‌ی ساڵێك زیاتره، توانیویانه ده‌یان سه‌رباز بخه‌نه ناو ته‌ڵه‌كه‌یان و به پاساوی خۆشه‌ویستی و لایه‌نی سۆزدارییه‌وه فریویان داون و زانیاری هه‌واڵگریان لێ وه‌رگرتوون و به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆكرانیایان داوه.
ئه‌و دوو كچه ئۆكرانییه ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، له‌میانی په‌یوه‌ندیكردنیان توانیویانه چه‌ندین وێنه‌ی خۆیان كه له رێگه‌ی زیره‌كی ده‌ستكرده‌وه به‌رهه‌مهاتووه بۆ راكێشانی سه‌رنجی سه‌ربازانی رووسی به‌كاربهێنن، هه‌روه‌ها شوێنی گردبوونه‌وه‌ی سه‌ربازانی رووسیان له‌و ناوچانه‌ی ئۆكرانیا كه خستوویانه‌ته بن ده‌ستی خۆیان ده‌ستنیشان كردووه و هه‌موو ئه‌و زانیارییانه و چه‌ندین زانیاری دیكه‌شیان بۆ ده‌زگای هه‌واڵگری ئۆكرانیا گواستووه‌ته‌وه.
یه‌كێك له كچه‌كان گوتوویه‌تی، سه‌ربازانی رووس "زۆر خۆشمانیان ده‌وێت" تا ئه‌و راده‌یه‌ی به گوته‌ی ئه‌و كچه، داوای هاوسه‌رگیریان لێ كردوون. ئه‌و كچه باسی له‌وه كردووه، له‌و رێگه‌یه‌وه توانیویه‌تی زانیاری له‌باره‌ی ژماره‌ی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی سه‌ربازانی رووسی و قه‌باره‌ی چه‌ك و تفاقی سه‌ربازی و ئه‌و كێشانه‌ی له بواری دابینكردنی خۆراك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازییه‌وه رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، وه‌ربگرن.
له نه‌ریتی هه‌واڵگریدا ئه‌و جۆره ته‌ڵانه به "ته‌ڵه‌ی هه‌نگوینی" ناو ده‌برێن، هه‌ردوو كچه ئۆكرانییه‌كه‌ش له كۆمپانیایه‌كی ئۆكرانی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندی مه‌ترسییه‌كان كار ده‌كه‌ن.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.