پارێزەرێکی کورد لەپێناو مافی خوێندن بە زمانی کوردی لە ئیستنابوڵەوە بە پێ دەچێتە ئەنقەرە

پارێزەر سوبحی ئۆزگەن
پارێزەر سوبحی ئۆزگەن

K24 – هەولێر:

پارێزەرێکی کورد لەپێناو مافی خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ منداڵانی کورد لە تورکیا چالاکییەکی پیادەڕۆیی ئەنجام دەدات.

پارێزەری کورد، سوبحی ئۆزگەن دانیشتووی ئیستانبوڵ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تویتەری خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ خوێندنی زمانی دایک بە تایبەتی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن لە تورکیا چالاکییەکی پیادەڕۆیی ئەنجام دەدات.

ئەو پارێزەرە کورده‌ لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، 24ـی ئەم مانگە لە ئیستانبوڵەوە بە پیادە بەرەو ئەنقەره‌ بەڕێدەکەوێت، ئەم چالاکییەشی بۆ مافی خوێندنی کوردییە لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ منداڵانی کورد، داواش دەکات هەر کەسێک دەیەوێت لەم چالاکییەدا هاوکار و پشتیوانی بێت ئەوا دەتوانێت رۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵیدا بەشدار بێت.

چەندین ساڵە کوردانی باکووری کوردستان لە رێگەی چالاکیی جیاواز داکۆکی لە مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەن و هەوڵدەدەن بکرێتە وانەیەکی فەرمی نێو پرۆگرامی خوێندن لە ناوەندەکاندا.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ ساڵی 2023، لە کۆی دامەزرداندنی 45 هەزار مامۆستا، تەنیا 50 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراند بەشێوەیەک 35 مامۆستا بۆ شێوەزاری کرمانجی و 15 مامۆستاش بۆ شێوەزاری زازاکی. لە کاتێکدا پێشتر تەنیا 79 مامۆستای زمانی کوردی بۆ هەردوو شێوەزارەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە دامەزرابوون و دوای ئەو بڕیارەش ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردی کە دامەزراون بووە 129 مامۆستا.

ساڵانە لە مانگی ئایاردا، داواکاری بۆ دامەزرانی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا وەردەگیرێت، دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نووسراو و زارەکی، ئەو مامۆستایانەی دادەمزرێن لە مانگی ئەیلوولدا دەستبەکاردەبن، ئەم هەنگاوەی ئەو پارێزەرە کوردە لەم کاتەدا لەو پێناوەیە بۆ ئەوەی، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندنی زمانی کوردی بڕەخسێنێت.