کۆریای باکوور ژمارەیەک مووشەکی کروزی تاقیکردەوە

K24 - هەولێر

کۆریای باکوور ژمارەیەک مووشەکی کروزی بەرەو دەریای زەرد هەڵداوە، کەدەکەوێتە رۆژئاوای هەردوو کۆریا، هەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمەریکاش هەڵسەنگاندن بۆ هەڵدانی مووشەکەکە دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور پشتڕاستیکردەوە کە کۆریای باکوور ژمارەیەک مووشەکی کروزی بەرەو دەریای زەرد هەڵداوە، کە دەکەوێتە رۆژئاوای هەردوو کۆریا.

ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، "هەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ هەڵدانی مووشەکەکەی کۆریای باکوور دەکەن.

هەڵدانی ئەم مووشەکە سەربازییە نوێیە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە پیۆنگ یانگ رایگەیاند، کە راگرتنی ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور رەنگە پاساو بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بهێنێتەوە، ئەمەش هەڕەشەیەکە کە سیئۆل وەڵامی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەر هێرشێکی لەو شێوەیە بە مانای کۆتایی کیم جۆنگ ئون دێت.

بڕیارە لە مانگی ئابدا سەرکردەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن کۆببنەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی پیۆنگ یانگ کە لە پەرەسەندندایە.

بڕیارە لە هەمان مانگدا واشنتن و سیئۆل مەشقی سەربازی هاوبەشی ساڵانەی سەرەکی خۆیان دەستپێبکەن، کە کۆریای باکوور بە پرۆڤە دەزانێت بۆ داگیرکردنی خاکەکەی.