شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

K24 – هەولێر

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە و بودجە، سەردانی بەغدا دەکات.

جووتیار عادل، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، سبەی یەکشەممە 23/7/2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.

ئەمە لە کاتێكدایە لە 12/6/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند کرد، رۆژی 21ی حوزەیران، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکرێت.