هەولێر.. سێ ئەندامی یەک خێزان لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا

ئەو سێ کەسەی لە رووداوە هاتووچۆوەکەدا گیانیان لەدەستداوە
ئەو سێ کەسەی لە رووداوە هاتووچۆوەکەدا گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر

رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر دووسایدی ناحیەی دارەتووی سنووری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش بەهۆیەوە بریندارن.

شەوی رابردوو 21ـی تەممووزی 2023، سێ ئۆتۆمبێلی جۆری (ئۆپترا، ئەلێنترا و پیکاپ مەرزیەیەک) لە دووسایدی ناحیەی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێر خۆیان بەیەکدا کێشا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان کە لەنێو  "ئەلێنتراکە"ـدا بوون، گیانیان لەدەستدا.

ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە و ئەندامی یەک خێزانن، بریتین لە فەرهەنگ مەحموودی تەمەن 26 ساڵ؛ ئیمانی تەمەن 21 ساڵ و منداڵەکەیان بە ناوی ئاران فەرهەنگ کە تەمەنی چوار ساڵ بووە.

لەبارەی چۆنیەتی روودانی رووداوەکە؛ کوردستان24 زانیویەتی، مەحموود فەرهەنگ و هاوژین و منداڵەکەی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لە نزیک گەڕەکی رۆشنبیری دارەتوو، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب مەرزی، کە بە پێچەوانەی شەقام رۆشتووە، تووشی رووداوەکە بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24؛ ئۆتۆمبێلی پیکاب مەرزییەکە چوار سەرنشینی تێدابووە، شۆفێرەکەی چاوێکی لەدەستداوە و هەر سێ سەرنشینەکەی دیکەش بەسەختی بریندارن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. وەکو ئەەی پەیامنێری کوردستان24 باسی کرد، ئۆتۆمبێلی جۆری "ئۆپترا"ـش دوو سەرنشینی تێدا بووە، هەردووکیان بە سەختی بریندارن و لە نەخۆشخانەن.

بە هەژمارکردنی ئاماری قوربانیانی ئەم رووداوە هاتووچۆوە؛ لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێری رابردوودا 14 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و دەیان هاووڵاتیی دیکەش بریندارن.