تەندروستی عێراق: رێژەی مردن بە تای خوێنبەربوون لەسەدا 14ـە

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق، پشتڕاستی کردەوە کە رێژەی مردن بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە عێراق هێشتا کەمترە لە ئاستی دیاریکراوی جیهانیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە پرۆتۆکۆڵی چارەسەری پەسەندکراو زۆر کاریگەر بووە بۆ چاکبوونەوەی تووشبوانی تای خوێنبەربوون.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "رێژەی مردن بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە سەدا 14 کەمترە لە ئاستی دیاریکراوی جیهانیدا"، دەشڵێت: ئەمەش بەهۆی توانای هەموو دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستییەوەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و دابینکردنی چاودێری پزیشکی".

بەدر راشیگەیاند، "ئەو پڕۆتۆکۆڵەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پەسەندکراوە، کاریگەریی بەرزی خۆی سەلماندووە و حاڵەتەکان بە تەواوی چاک بوونەتەوە".

دەشڵێت: "پێویستە سەرنجی نیشانەکان بدرێت و زوو پێداچوونەوە بە نیشانە تەندروستییەکان بکرێت، لەگەڵ پێویستی ئەوەی دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار رۆڵی خۆیان بگێڕن لە رووبەڕووبوونەوەی سەربڕخانەی هەڕەمەکی، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی قڕنەکان(پند)و   مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە تووشبووەکاندا".

پێشووتر وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەدابوو، 377 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراوە و مردنیش گەیشتووەتە 14٪ی رێژەی توشبوون، گوتیشی: مردن هێشتا لەژێر ئاستی دیاریکراوی جیهاندایە.