هەشت ساڵ بەسەر تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر

ڕۆژی 22ی تەمووزی 2015، دوو پۆلیس لە ماڵی خوویاندا و لە کاتی خەوتنیان لە شاری "سەرێکانیێ"ـی سەر بە پارێزگای روحای باکووری کوردستان کوژران و ئەم ڕووداوە بە دەستپێکی تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا ناسراوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبارەی رووداوەکەوە لێدوانی دژ بەیەک دا. باسکی سەربازی پەکەکە کە هێزی پاراستنی گەل "هەپەگەیە" لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، هەردوو پۆلیسەکە لەلایەن 'تیمی دڵسۆزانی ئاپۆ"وە کوژراون.

بەڵام دوای چوار مانگ جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە رەتیکردەوە پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوی کوشتنی هەردوو پۆلیسەکەوە هەبێت.

حکومەتی تورکیا بە پاساوی ئەو رووداوە، لە 24ی تەمموزدا بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لە گار و زاپەوە تا قەندیل و ئاسۆس بۆردومان کرد. ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆن بوو لەدژی پەکەکە دوای سێ ساڵ.

دواتر ئەم ئۆپەراسیۆنانە زیادیان کرد و 11 ئۆپەراسیۆنی گەورە لەسەر سنووری عێراق و سێ ئۆپەراسیۆنی گەورە لەسەر سنووری سوریا ئەنجام دران. شەڕی خەندەق لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان و وێرانکردنی هەزاران باڵەخانە و ئاوارەبوونی نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتی، دەرئەنجامە سەختەکانی دیکەی تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی بوون.

بەپێی ئاماری گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لە دوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی تا ئێستا؛614 مەدەنی، 1428 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، چوار هەزار و 409 گەریلای پەکەکە و 226 کەس کە تا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرانەبووەو و گومان دەکرێت لایەنگرانی پەکەکە لە شەڕی خەندەقدا گیانیان لەدەستدابێت.

جەمیل بایک لە 9ی شوبات بەهۆی بوومەلەرزەکانی باکوری کوردستانەوە چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکەی ڕاگرت. لە 1ی ئازاردا داوای دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری کرد و داوای لە ئەمریکا کرد کە ڕۆڵ لە نێوان ئەوان و تورکیادا بگێڕێت.

بەڵام بانگەوازەکەی بایک لەلایەن واشنتۆن و ئەنقەرەوە وەڵام نەدرایەوە و کەجەکە مانگی ڕابردوو کۆتایی بە ئاگربەستەکەی هێنا.