ئۆفەرێکی خەیاڵی لە هیلالەوە بۆ کیلیان ئێمباپێ

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

هیلالی سعوودی ئۆفەرێکی پێشکەشی پاریس سانجێرمان کردووە بۆ ئەوەی ئێمباپێ لە چنگی ریاڵ مەدرید بڕفێنێت و بیگوازێتەوە ریزەکانی.

رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، یانەی هیلالی سعوودی ئۆفەرێکی بە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی پاریس سانجێرمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە بگوازێتەوە ریزەکانی، لە هەمان کاتیشدا یانە سعوودییەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ 400 ملیۆن یۆرۆ مووچە بە ئێمباپێ دەدات.

فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە یانە سعوودییەکە ئامادەیی دەبڕیوە بۆ ماوەی ساڵێک ئێمباپێ بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ کیلیان بباتە ریزەکانی و هاوینی داهاتوو رێگای پێبدات بچێتە ریزەکانی ریاڵ مەدرید کە خەونی منداڵییەتی.

جگە لە هیلال، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزیش لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی کە پاریس ئەو هێرشبەرەی خستووەتە بازاڕ و دەیەوێت ئەم هاوینە بیفرۆشێت، ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە.