شەش كۆچبەر لە كەناراوەكانی مەغریب بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەیانەوە خنكان

K24 – هەولێر:

بەلەمێکی کۆچبەران کە 54 کۆچبەری هەڵگرتبوو لە دەریای ناوەڕاست لە کەناراوەکانی وڵاتی مەغریب نقووم بوو و لە ئاکامدا شەش کۆچبەر خنکان.

ئەمڕۆ شەممە (22ـی تەمموزی 2023) ئاژانسی ھەواڵی فەرمی مەغریب بڵاویكردووەتەوە، بەلەمێكی كۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە کەناراوەكانی ئەو وڵاتە نقوم بوو، كە  54 كۆچبەری لەو وڵاتەوە بەرەو یۆنان دەگواستنەوە و لەئاكامدا شەش كۆچبەر خنكان و 48ـی دیكەش لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتن رزگار كران. ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەران لە رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا  گیان لە دەستدەدەن.

پێشتریش، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست شوێنبزر بووە و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران بە 500 سەرنشینەوە لە باکووری بەندەری بەنغازی لە دەریای ناوەڕاست شوێنبزربووە و بەشێک لە سەرنشینەکانیش منداڵ و ئافرەتی دووگیانن.

لەلایەن خۆیانەوە، پاسەوانی سنووری ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە، بەلەمەکە لە لیبیاوە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا هاتووە و تیمەکانی فریاکەوتن 24 کاتژمێرە بەشوێن بەلەمەکەدا دەگەڕێن بەڵام هیچ نیشانە و پارچەیەکی کەشتییەکەیان نەدۆزیوەتەوە.

ئەمە یەکەم رووداوی لەو شێوەیە نییە و لە (11ـی نیسانی 2023)، بەلەمێکی دیکە کە 400 کۆچبەری وڵاتانی ئەفریقی لەخۆگرتبوو لە دەریای ناوەراست لە سنووری نێوان لیبیا و ماڵتا رێگای لێونبوو، کە بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا دەچوو کە دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییە دەریاییەکانی ماڵتاوە رزگارکران.