منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن زڕدایکییەوە دەکوژرێت

وێنەی منداڵەکە
وێنەی منداڵەکە

K24 – هەولێر:

هەواڵی گیانلەدەستدانی منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان لە بەغدا لەلایەن زڕدایکییەوە، لە سۆشیال میدیای عێراق دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و وابڕیارە سبەی تۆمەتباری سەرەکی لەو تاوانە دادگایی بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەناوچەی خەتیبی بەغدا، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان بەناوی (موسا وەلا)، دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 باوک و دایکی جیادەبنەوە، باوکی جارێکی دیکە هاوسەرگیری دەکات و لەلایەن زڕدایکەکەیەوە، رووبەڕووی ئەشکەنجەدانێکی زۆر بووەتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە کەسە نزیکەکانی ئەو منداڵەوە باسکراوە، زڕدایکەکەی چەندین جار لە ماڵەوە بەشێوەیەکی دڵڕەقانە مامەڵەی کردووە و بەبێ خواردن و ئاو، بەندی کردووە.

هاوکات بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوبووەتەوە، شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەی منداڵەکەوە دیارە و دوو رۆژ لەمەوبەر، لەلایەن زڕدایکییەوە خنکێندراوە و دوای ئەو رووداوەش لەلایەن پۆلیسەوە ئەو ئافرەتە دەستگیرکراوە و وابڕیارە سبەی دادگایی بکرێت.