سهبارهت به بێڕێزیكردن بە قورئانی پیرۆزهوه لەسەر داوای عێراق رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی کۆدەبێتەوە
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدهگهیهنێت، رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی بێڕێزیكردن بە قورئانی پیرۆز رێکدەخات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی ئەو دوو داواکارییەی پێشکەشی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی کردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاووتوێکردنی بێڕێزیكردن بە قورئانی پیرۆز و پیرۆزییەکانی ئیسلام، کۆبوونەوەیەک بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز و پیرۆزییەکانی موسڵمانان دەکەن دەخاتەڕوو، ھەروەھا داواش دەکات رێوشوێنی بەکۆمەڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا، زیاتر پەرەی پێ بدرێت، بە مەرجێک کە لە چوارچێوەی بڕیارە نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەکاندا بێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کردارە ههراسانكاری و قێزەوهنانەی کە بەرامبەر بە پیرۆزییەکانی ئیسلام ئەنجام دەدرێن، دەبێتە مایەی زیادبوونی رق، کینە و توندڕەوی، ھەروەھا ھەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەن و کۆمەڵگه بەرەو توندوتیژی دهبات.
ھەربه گوێرهی راگەیەندراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیی کردووە، ئەرکە ئەخلاقی و شارستانییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و رێز لە ئایین و نەتەوەکان بگیرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ھەروەھا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە، بەبێ جیاکاریی، زیاتر ھەوڵ بۆ ئاشتیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە جیھاندا بدەن و رووبەڕووی ئەو کەسانەیش ببنەوە کە بانگەواز بۆ رەگەزپەرستیی دەکەن.