لە ئەدەنە هێرشدەکرێتە سەر بارەگای هوداپار

بارەگای هوداپار لە ئەدەنە
بارەگای هوداپار لە ئەدەنە

K24 – هەولێر:

لەلایەک کەسێکی نەناسراوەوە هێرشدەکرێتە سەر بارەگای هوداپار و سکرتێری سەرۆکایەتی ئەو پارتە لە ئەدەنە دەکوژێت و سەرۆکی لقی هوداپاریش بریندار دەکات.

رۆژی شەممە (22ـی تەمموزی 2023)، هوداپار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە مزگەوتی بارەگای حزبەکەیان لە ئەدەنە، کەسێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر ساڵح دەمیر و ساجید پیشگین و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، ساجید پیشگین، سکرتێری سەرۆکایەتی هوداپار لە ئەدەنە گیانلەدەستدەدات.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی هێرشکەرەکەی سەر بارەگای هوداپار لە ئەدەنە، ئاشکراکرد و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکەی دووپاتکردەوە.

هەروەها ئاکپارتی لە راگەیەندراوێکدا، ئیدانەی ئەو هێرشەی سەر بارەگای هوداپاری کرد لە ئەدەنە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.

لەلایەن خۆشیەوە، خەلەف یڵماز، یاریدەدەری سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، کە هێرشەکە لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی عەسر ئەنجامدراوە کاتێک هەردوو بەرپرسی پارتەکەیان لە ئەدەنە، لە مزگەوتی ناو بارەگای سەرۆکایەتی هوداپار لە ئەدەنە بوونە.

هوداپار یەکێکە لە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی، کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری رابردوو، کاندیدەکەیان رەجەب تەیب ئەردۆغان، پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیاش، هوداپار لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) چەند کاندیدێکیان هەبوو کە پێکەوە 268 کورسییان بەدەستهێنا.

هوداپار پارتێکی ئیسلامی کوردییە لە باکووری کوردستان و تورکیا، چالاکی سیاسی ئەنجام دەدات و زەکەریا یاپیجیئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکات. 

وێنەی ساجید پیشگین
وێنەی ساجید پیشگین