زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی لە سلێمانی سوتاوە

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتى دارستان و پاوانى سلێمانى، ئەمساڵ بەهۆى ئاگرەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوى کە هەزاران دارى دەستکرد و سرووشتنى تێدا بووە سوتاوە، ئەمەش زیانى زۆر گەورە بە سرووشتى ئەو شوێنانە دەگەیەنێت کە ئاگرەکەیان لێکەوتووەتەوە و سەوزکردنەوەشى چەندین ساڵى دیکەى پێویستە، جگە لەوەی کاریگەرى لەسەر تەندروستى هاووڵاتییان دەبێت.

لەوبارەوە هاوکار جەلال بەڕێوەبەرى دارستان و پاوانى سلێمانى، بە کوردستان24ی راگەیاند: "گرفتەکە ئەوەیە کاتێک ئاگر دەکەوێتەوە پوشەکە زۆرە، تواناى کۆنترۆڵکردنى کەمەم هەروەها نەبوونى رێگاى پێویست بۆ دارستانەکان، نەبوونى ئاگر بڕە گرفتێکی ترە، ئێمە لیژنەیەکمان هەبوو بزانین چى بکەین بۆ ئاگر بڕى دارستانە سرووشتیەکان، بەڵام لیژنەکە هاتەوە گوتى رووبەرەکان ئەوەندە فراوانن کە ئێمە هەموو بودجەى حکومەتى بۆ دابنیین ناتوانین ئاگر بڕى بۆ بکەین".

تا ئێستا سێ کەس بە تۆمەتى هۆکاری ئاگرەکانى ئەمساڵى سلێمانى دەسگیرکراون، رێکخراوەکانى ژینگە دۆستى بە پێویستى دەزانن هەمووان هاوکاربن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى ژینگەیی لە ناوچە گەشتارییەکاندا، چونکە پێیان وایە ئەرکى سەرەکى پاراستنى ژینگەى ئەو ناوچانە بەشێکی گرنگی لە ئەستۆى هاووڵاتییاندایە.

ملکۆ بازیانى سەرۆکى پارتى سەوزى کوردستان، دەڵێت: "زیانى ئەمانە زۆرە بە ملیاران دۆلار زیانى داوە، ئێستا رەنگە خەڵک بڵێن دارێکە و سوتاوە، ئەم دارە سەد ساڵە هەیە ئێمە دارستانى دەستکردمان هەیە، ئەم دارە کولفە بووە لەسەر حکومەت لەسەر خەڵک، داریش هەیە سەد ساڵە هەیە خۆرسک بووە ئێستا تۆ بێى جارێکیتر ئەم ناوچانە سەوز بکەیتەوە سەد ساڵى دەوێت".