وەزارەتی دەرەوەی سوید بۆ کوردستان24: رێگە بە سووتاندنی قورئان نادەین

خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی عێراق دژی سووتاندنی کۆپیەکی قورئان | شەممە 22ـی تەممووزی 2023 | وێنە: MURTAJA LATEEF / AFP
خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی عێراق دژی سووتاندنی کۆپیەکی قورئان | شەممە 22ـی تەممووزی 2023 | وێنە: MURTAJA LATEEF / AFP

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی سوید رایدەگەیەنێت، رێگە بە ئەنجامدانی گردبوونەوە دەدەن نەک سووکایەتیکردن و سووتاندنی کۆپییەکی قورئان. ئاماژە بەوەش دەدات، ژمارەیەک کەسی توندڕەو و ئیستیفزازکەر دەیانەوێت کەلێن لە نێوان موسڵمانان و ناموسڵمانانی سوید دروستبکەن و ئەوان "دژی سووکایەتیکردنن بە قورئان یان هەر کتێبێکی دیکەی ئایینی."

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی سوید لە رێگەی ئیمەیڵەکەوە وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری کوردستان24ـی لەبارەی لێکەوتەکانی دوای سووتاندنی کۆپییەکی قورئان و ئاڵای عێراق لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم، دەرکردنی باڵیۆزی سوید لە بەغدا و پەیوەندییەکانی ئێستای هەردوو حکومەتی سوید و عێراق دایەوە.

رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا کرد خاکی عێراق بەجێبهێلێت. "ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ دووبارە مۆڵەتدانی حکومەتی سوید بە سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و زیانگەیاندن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق".

وەزارەتی دەرەوەی سوید لەبارەی دەرکردنی باڵیۆزەکەیان لە بەغدا دەڵێت: "ئێستا باڵیۆزی سوید لە ستۆکهۆڵمە. ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و گفتوگۆکانمان بەردەوامی هەیە".

وەزارەتی دەرەوەی سوید لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا ئاماژەشی بەوە داوە: "حکومەتی سوید زۆر نیگەرانە لەوەی ژمارەیەک کەسی توندڕەو و ئیستفزازیکەر دەیانەوێت کەلێن لە نێوان موسڵمانان و ناموسڵمانانی سوید دروستبکەن".

سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقی لە سوید دوای ئەوەی لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (28ـی حوزەیرانی 2023) کۆپییەکی قورئان و ئاڵای عێراقی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ستۆکهۆڵم سووتاند. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش (20ـی تەممووزی 2023)، جارێکی دیکە هەوڵی دا کۆپییەکی قورئان بسووتێنێت و سووکایەتی بە ئاڵای عێراق و وێنەی ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی ئەو وڵاتە کرد.

حکومەتی سوید سووکایەتیکردن بە قورئان یان هەر کتێبێکی دیکەی ئایینی پیرۆز، "بە کارێکی هێرشبەرانە، بێ ڕێزیی و ئیستفزایی" ناو دەبات و دەڵێت،  "دەربڕینی ڕەگەزپەرستی و ترس لە بێگانە یان هەر کارێکی دیکەی هاوشێوە لە سویددا جێگەیان نابێتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی سوید رەتیدەکاتەوە رێگەیان بە سووتاندنی کۆپییەکی قورئان دابێت و رایدەگەیەنێت، "دەسەڵاتی پۆلیس رێگە بە گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی گشتیی خەڵک دەدات، بەڵام رێگە بە سووکایەتیکردن بە کۆپییەکی قوریان یان هەر کتێبێکی دیکەی ئایینی نادات".

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی کوردستان24 و وەزارەتی دەرەوەی سوید:


کوردستان24: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق ماوە، دوای ئەوەی باڵیۆزەکەتانی لە بەغدا دەرکرد؟

وەزارەتی دەرەوەی سوید: ئاگاداری راگەیەندراوەکەی حکومەتی عێراقین کە تێیدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردبوو بەرپرسی کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بکشێنێتەوە و، هاوکات داوای لە باڵیۆزی سوید کردبوو بەغدا جێبهێڵێت. ئێستا باڵیۆزی سوێد لە ستۆکهۆڵمە. ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و گفتوگۆکانمان بەردەوامی هەیە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردووش (20ـی تەممووزی 2023) وەزیری دەرەوەی سویدیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی سوید بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارە نارەوانانە دەکات کە ژمارەیەک کەس لە خۆپیشاندانەکانی سویددا ئەنجامیداون. حکومەتی سوید زۆر نیگەرانە لەوەی ژمارەیەک کەسی توندڕەو و ئیستفزازیکەر دەیانەوێت کەلێن لە نێوان موسوڵمانان و ناموسڵمانانی سوید دروستبکەن.

سووکایەتیکردن بە قورئان یان هەر کتێبێکی دیکەی ئایینی پیرۆز، کارێکی کارێکی هێرشبەرانە و بێ ڕێزییە و ئیستفزاییەکی ڕوونە. دەربڕینی ڕەگەزپەرستی و ترس لە بێگانە و کاری هاوشێوە لە سویددا جێگەیان نابێتەوە.

کوردستان24: ئایا حکومەتی سوید دووبارە رێگە بە سووتاندنی قورئان و ئاڵای عێراق دەدات؟

وەزارەتی دەرەوەی سوید: دەسەڵاتەکانمان سەربەخۆن لە حکومەت و بڕیاری سەربەخۆ دەدەن. دەسەڵاتی پۆلیس رێگە بە گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی گشتیی خەڵک دەدات، بەڵام رێگە بە سووکایەتیکردن بە کۆپییەکی قوریان یان هەر کتێبێکی دیکەی ئایینی نادات.

مۆڵەتدان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە یاسای گشتی سویددا ڕێکخراوە. ئەوە دەسەڵاتی پۆلیسی سویدە کە بەدواداچوون بۆ داواکاری مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان بکات.

کوردستان24: ئایا ئەو کەسەی کۆپییەکی قورئانی سووتاند (سەلوان مۆمیکا) رادەستی حکومەتی عێراق دەکەنەوە؟

وەزارەتی دەرەوەی سوید: ئێمە ناتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. دەتوانن ئەم پرسیارە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوید بکەن.