چوار ئەندامی هێزەکانی سوپای سووریا کوژران

K24 - هەولێر

چوار ئەندامی هێزەکانی سوپای سووریا، بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراو لە پارێزگای حەما، لە باکووری ئەو وڵاتە کوژران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، مینێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی سوپای سووریا لە رۆژهەڵاتی گوندی ئەلتوینان سەر بە پارێزگای حەما، تەقییەوە و چوار کەس بەو هۆیەوە کوژران.

ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە لەکاتی چالاکییەکانی هێزەکانی سووریا و میلیشیاکان لەدژی شانەکانی داعش لە بیابانەکانی ئەو وڵاتە روویداوە.

روانگە راشیگەیاند، لە 16ی تەمموزدا، ئەندامێکی لیوای باقری سوپای پاسدارانی ئێران، بەهۆی تەقیینەوەی مینێکەوە کوژرا.

 رێکخراوی هیمان رایتس وۆچ، دەریخستووە لە مانگی ئاداری 2020 تا مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، نزیکەی هەزار و 500 کەس بەهۆی مینی چێندراوەوە کوژراو و بریندار بوون.

لەم ماوەیەدا ڕوانگە کوژرانی 763 کەسی تۆمارکردووە کە زیاتر لە 300 منداڵ و 50 ژن و زیاتر لە 400 پیاو بوون، بەهۆی پاشماوەی شەڕەوە، وەک مین یان ئەو تەقەمەنیانەی نەتەقینەتەوە.