چوونی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دواخرا

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق - 17/7/2023 - بەغدا
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق - 17/7/2023 - بەغدا

K24 – هەولێر

بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن لەبارەی بودجە و مووچە، بەڵام سەردانی شاندەکە بۆ سبەی دواخرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، چوونی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ سبەی دووشەممە دواخرا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "بە ئەگەری زۆرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجە و مووچە رێکدەکەون".

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی لەبارەی جێبەجێکردنی بودجە دەداتە وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق.

پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە 12/6/2023 بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسندکرا، رۆژی 21ی حوزەیرانی 2023، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە.

قەبارەی بودجەی عێراق نزیکەی 199 ترلیۆن دینارە و زیاتر لە سەدا 90ـی داهاتەکەی پشتی بە نەوت بەستووە. هەروەها پشکی هەرێمی کوردستانیش بە سەدا 12.67. دیاریکراوە.