سیپان عەزیز: هیچ بەربەستێک لەبەردەم دەرچوونی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەماوە

سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24-  هەولێر:

سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئێستا هیچ رێگرییەک لەبەردەم دەرچوونی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەماوە، گوتیشی: ئەوەی هەیە تەنیا کاری رۆتینیە، کە دەبوو زووتر جێبەجێ بکرێن.

سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 گوتی: هەردوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا، کاریان ئەوەیە میکانیزمێک دابڕێژن بۆئەوەی بگەنە کۆنووسێکی هاوبەش لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕگە و ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی نوێی عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی ئاراستەی کراوە دەربڕیووە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکرد، هێشتا رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە پەسەند نەکراوە، گوتیشی: بەپێی زانیارییەکانی من، وەزیری دارایی، رێنماییەکانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە و چاوەڕێ دەکەن ئەو پەسەندی بکات.

بە گوتەی سیپان عەزیز، کاتێک سوودانی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە پەسەند دەکات، یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە، بەمەش هیچ بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە نامێنێت.

راشیگەیاند، ئێستا هیچ بەربەسێک لەبەردەم دەرچوونی رێنماییەکان نەماوە، ئەوەی هەیە تەنیا کاری رۆتینیە، کە دەبوو زووتر جێبەجێ بکرێن.

وەک سپیان عەزیزی باسی لێوەکرد، لە ساڵی 2014 تا 2022 حاڵەتێك لە ئارادا بوو، کە وایکردبوو هەرێمی کوردستان بەرێژەی %90 پشت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی ناوخۆ ببەستێت، بەڵام دوای نۆ ساڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە رێککەوتن.

سەبارەت بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا، سیپان عەزیزی ئەوەی خستەڕوو، رێککەوتنەکە تەواوی خەرجی و داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت و هەردووکیان لە بودجەی نوێی عێراقدا جێگیرکراون.