سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: کار بۆ کردنەوەی دەروزاەی کێلەشین لەگەڵ ئێران دەکەین

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، کار بۆ کردنەوەی دەروزاەی کێلەشین، کە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان، لەگەڵ ئێران دەکەن و، دەڵێت، "لە ڕووی رێگا و بانەوە دەستمان بە پڕۆژەکە کردووە و گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر باش، بەڵام کێشەی ئەمنی لەم سنوورە هەیە".

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی تەممووزی 2023، شاندێکی کۆماری ئێسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ سەردانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانی کرد و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پێشوازی لێکرا.

 لەوبارەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "لە دوایین سەردانمان بۆ کۆماری ئێسلامی ئێران، بە یاوەری پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی ئێران لەسەر 20 خاڵ رێککەوتین و، بەگوێرەی خاڵێکی لێکتێگەیشتنەکە، دەبێت کۆبوونەوەی مەیدانی لە دەروازە سنوورییەکان بکرێت بە مەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە".

 هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت، سەردانەکەی شاندی کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ سەردانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران، بە مەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجکردنی ئەو 20 خاڵە "بە شێوەی مەیدانی" بووە و هاوکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێش و گرفتانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی خاڵەکان.

بەگوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، پارێزگاری ورمێ پێی راگەیاندوون، "هەرچەندە رێککەوتنە 20 خاڵییەکە واژووی لەسەر نەکراوە، بەڵام زۆرینەی خاڵەکانی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە." ئاماژەی بەوەش دا، بڕیاردراوە هەر سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەی لەم شێوەیە بکرێت، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی خاڵەکان نەهێڵدرێن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژە بەوە دەدات، لە سەردانی رابردوویاندا بۆ کۆماری ئێسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی کردنەوەی دەروازەی کێڵەشینیان لە سنووری سیدەکان کردووە و هەمان بابەت تەوەری دووەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بووە لەگەڵ شاندەکەی کۆماری ئێسلامی ئێران.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشە و بەربەستانە کرا کە رێگرن لە بەردەم کردنەوەی دەروازەی سنووری کێڵەشین لەگەڵ کۆماری ئێسلامی ئێران. ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە لە ڕووی رێگا و بانەوە دەستمان بە پڕۆژەکە کردووە و گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر باش، بەڵام کێشەی ئەمنی لەم سنوورە هەیە، دەمانەوێت لەگەڵ میوانانمان لە کۆماری ئێسلامی تاوتوێی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین چۆن کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بکەین. کردنەوەی ئەم دەروازەیە ئامانجێکی سەرەکییە بۆ هەردوو حکومەتی ئێران و هەرێمی کوردستان".

وەکو ئەوەی هەڵگورد شێخ نەجیب باسی دەکات، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، سەردانی زیارەتکارانی شیعە بووە بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا. دەشڵێت،  "بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ساڵی پار  یەکەم ئەزموون بوو لە پێشوازیکردن لە سەردانیکەران و، ئێران داوادەکات بۆ ئەمساڵ ژمارەی سەردانیکەران زیاد بکرێت." گوتیشی، کاردەکەن لەسەر نەهێشتنی ئەو کەموکورتییانەی ساڵی رابردوو لەکاتی پێشوازیکردن لە سەردانیکەران، رووبەڕوویان بوونەوە.