لە عێراق سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی بۆ بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر دەرکرا

زیندان
زیندان

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر، سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی بۆ دەرکراوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23ـی تەممووزی 2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دادگای تاوانەکانی زیقار، سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی بۆ بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بە تاوانی بازرگانیکردن و فرۆشتی ماددەی ھۆشبەر دەرکردووە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا راشیگەیاندووە، ئەو کەسەی کە بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزادراوە، پێشتر بە بە یەک کیلۆ و 765  گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری "ئەمفیتامین" دەستگیرکرابوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سزاکە بەپێی ماددەی 28 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان ژمارە (50) بۆ ساڵی 2017 دەرکراوە.

لە ماددەی 28 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، ھەر کەسێک لە عێراق، بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە بکات، ئەوا بە لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزا دەدرێت.

بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانى عێراق، لە ساڵى 2022ـ، زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.