هێرشکرایە سەر مۆسکۆ

K24 - مۆسکۆ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24/7/2023، دانیشتوانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەهۆی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز خەبەریان بوویەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی بازرگانی لە شەقامی لیخاچۆڤ لە باشووری مۆسکۆ.

دانیشتوانی ناوچەکە لەبارەی دەنگە بەرزەکە دەڵێن: دوای  دەنگی تەقینەوەکە دوکەڵ بەرزبووەتەوە.

هەروەها ئاژانسی تاس رایگەیاندووە، پێدەچێت هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرابێت. هێزە ئەمنییەکانی سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەک بڵاوبوونەتەوە کە پەنجەرەی ماڵ و دووکانەکانی نزیک تەقینەوەکە شکاون. بەڵام هیچ زانیارییەکی فەرمی نییە لەبارەی ئاماری قوربانییەکان.

ئاژانسی تاس نووسیویەتی: ئێستا شەقامی کەمسەمۆڵسکی پرەسپێکت داخراوە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووە و تیایدا هاتووە: "بەرەبەیانی 24ی تەممووزی 2023، هەوڵێکی رژێمی کیێڤ بۆ ئەنجامدانی هێرش بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنەکانی مۆسکۆ پوچەڵکرایەوە. لە راگەیاندراوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئۆکرانی لە مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئەلیکترۆنی تێکشکێنران و هیچ قوربانییەک نییە.

هەروەها سێرگی سەبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە پەیامێکدا نوسیوویەتی: نزیکەی کاتژمێر چواری بەیانی، لێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر دوو باڵەخانەی پایتەخت تۆمارکراوە، باڵەخانەکان شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان نییە.

ئاماژەی بەوەشداوە: "هیچ زیانی گیانی نەبووە، سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە کاردەکەن".

پاشماوەی یەکەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەمسەمۆڵسکی پرەسپێکت دۆزرایەوە، بەهۆی ئەمەوە هاتووچۆ لەخانووی 18ی شەقامەکە  بەرەو  دەرەوەی مۆسکۆ وەستاوە.

فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لە شەقامی لیخاچێڤە خۆی کێشاوە بە ناوەندێکی بازرگانی و زەرەر و زیان هەیە.