بەڵێنێکی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ خەڵکی کفری جێبەجێدەکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڵێنێکی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ خەڵکی کفری جێبەجێدەکرێت و بە زووترین كات دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاو بۆ شاری كفری دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتییانی شاری كفری، لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 400 ملیۆن دینار و بە زووترین كات دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاو بۆ شاری كفری دەكرێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ڕاسپارد بەشێوەیەكی مەیدانی لە ماوەیەكی زوودا دەست بە كارەكانی لێدانی ئەو بیرانە بكرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 23ـی تەممووزی 2023، شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کفریی کرد و لەسەر راسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ئەمبۆڵانسیان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان کرد بۆ ئەوەی بە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری بدرێن.

هاوکات دکتۆر سامان محەممەد خورشید، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لیژنەیەک پێکهێندراوە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی کفری دەکات. گوتیشی، "بەدواداچوون بۆ کەموکورتی و شێوازی دەوامکردنی پزیشکانی نەخۆشخانەی کفری دەکەین، رێکی دەخەینەوە و ژمارەی پزیشکانیش زیاددەکەین."

رۆژی سێشەممە 18ـی تەمموزی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستانی بۆ خەڵکی کفری ئاشکراکرد و سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیشی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێرییەکانی خەڵکی ئەو قەزایە.

لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییە تەندروستییەکانی خەڵکی کفری، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دابوو، لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی پێکدەهێندێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کفری و چارەسەرکردنی کەموڕییەکانی ناوچەکە لە رووی تەندروستییەوە.

رۆژی یەکشەممە 16ـی تەمموزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و  بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە ‎ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.