هاووڵاتیەکی سوودانی: ماوەی دوو مانگە رۆژانە یەک ژەم خواردن دەخۆین

هاووڵاتیەکی سوودانی
هاووڵاتیەکی سوودانی

K24 - هەولێر

لیژنەیەکی خۆڕاگری لە ناوەندی بەحری، کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی باکوری پایتەختی سوودان، دەرگای بەخشینیان کردووەتەوە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستی خۆراکی بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە لە سەرەتای شەڕەکانەوە، کە ماوەی چوار مانگە بەردەوامە.

لیژنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بە ناونیشانی پێویستی خۆراک بۆ دانیشتوانی گەرەکی دەناقلە کە گەڕەکێکە لەناوەراستی شاری بەحری سوودان، کە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و پچڕانی کارەبا و ئاو و نەبوونی دوکان لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا دەژین، ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە سێ مانگە کارەکان وەستاون، نەبوونی مووچە و خۆراکی یەدەگ زۆر کەمبووەتەوە.

لیژنەکە بڕیاریدا، دەرگا بۆ بەخشینەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین پشتگیری یەکتر بکەن بە دابینکردنی پێداویستی خۆراک یان بەشداریکردنی دارایی لە کڕینی پێداویستی خۆراک لە نزیکترین شوێن و دابەشکردنی بەسەر ئەوانەی لە گەڕەکەکەدان.

به پێی ئاژانس فرانس پرێس، لیژنه کانی خۆڕاگری گرووپه جه ماوه ڕییه کانن که له دوای رووخانی حکومەتی پێشووی عومەر بەشیر له ساڵی 2019 خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان رێکخستبوو بۆ داواکردنی حوکمی مەدەنی، ئەو لیژنەیە هەر لەسەرەتای ململانێکانەوە چالاک بوون.

گلەیی دانیشتووان لەسەر کەمی خۆراک درێژدەبێتەوە بۆ گەڕەکەکانی دیکەی شار، لە گەڕەکی ئەلمەزاد لە سەنتەری شاری بەحری، عەباس محەممەد بابیکەر، دانیشتووی شاری بەحری، گوتی: بەهۆی پیربوون و نەخۆشی دایکیەوە لە ماڵەکەی دەرنەچووە. دەەشڵێت: "ماوەی دوو مانگە رۆژانە یەک ژەم دەخۆین بۆ پاراستنی کۆگاکەمان ئێستاش تەنها بەشی دوو رۆژ خواردنمان ماوە و نازانین دوای ئەوە چی روودەدات.

هەفتەی رابردووش، خالید سەنهوری هونەرمەندی ناسراوی سوودانی بەهۆی برسێتیەوە کۆچی دوایی کرد.

لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا شەڕ و ململانێ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە، ئێستاش شەڕەکە لە خەرتومی پایتەخت و دەوروبەری و ناوچەی دارفور لە رۆژئاوای وڵاتدا چڕبوەتەوە.

بەگوێرەی رێکخراوی ناحکومی ئەکلید، لەم شەڕەدا تا ئێستا لانیکەم سێ هەزار و 900 کەس کوژراوە، هەروەها زیاتر لە سێ ملیۆن کەس ئاوارەبووە، جا چ لە ناوخۆی وڵات بێت یان بۆ دەرەوەی وڵات.