سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکران

لۆگۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکەن کە لەکاتی دەستگیرکردنیان بڕی زیاتر لە نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ماریجوانایان پێ بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند.

بە گوێرەی راگەیەندراوکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان؛ تۆمەتبارەکان دوێنێ یەکشەممە (23ـی تەممووزی 2023) دەستگیرکراون و لەکاتی دەستگیرکردنیان "نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ماریجوانایان پێ بووە". هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە، ئەو سێ کەسە لە سنووری کامە پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون. 

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕۆسەی دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە دوای "وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش" بووە و "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر سێ تۆمەتبار کراوەتەوە و ڕووبەروی یاسا دەکرێنەوە."

 

بەشێک لەو کەلوپەلانەی لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە
بەشێک لەو کەلوپەلانەی لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە

 

بەشێک لەو کەلوپەلانەی لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە
بەشێک لەو کەلوپەلانەی لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە

 

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە  هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو، توانیویان سێ کەس لە هەرێمی کوردستان دەستگیربکەن کە "کاری کڕین و فرۆشتن"ـیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە  هۆشبەرەکان ئاشکراینەکردبوو، ئەو سێ کەسە لە سنووری کامە پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و ئاماژە بەوەش درابوو، "لەکاتی دەستگیرکردنیان، بڕی نیو کیلۆ لە ماددەی کریستاڵ و بڕێک لە ماددەی ماریجوانایان لەدەست گیرابوو".

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە. هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر..

بەگوێرەی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە، 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان ئافرەت و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانى عێراق، لە ساڵى 2022ـ، زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوە دەردەخەن؛ لە ساڵی 2021، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەزار و 943 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و لە ساڵی 2022 ژمارەی دەستگیرکراوان بوو دوو هەزار و 103 کەس بەرزبووەوە.