لە سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەرچوو

عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی نووسراوێكی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دەرچووە.

بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی کە ئاراستەی بنکەی پۆلیسی کوردسات کراوە لە سلێمانی، داوای دەستگیرکردنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان دەرکراوە بە ماددەی 432 کە تایبەتە بە هەڕەشەکردن.

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەسەر دوو سکاڵای کامیلی حاجی عەلی و محەممەد بازیانی کە لە باڵەکەی دیکەی بزووتنەوەن و جیابوونەوەی خۆیان راگەیاندووە، ئەو فەرمانانە دەرچوو.

لەلایەن خۆیەوە، كەمال سازانی، راوێژكاری یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا، دوو سكاڵامان دژی عیرفان عەلی عەبدولعزیز تۆماركرد، كە بە تۆمەتی ھەڕەشەکردن لە كامیل حاجی عەلی و ناوزڕاندنی بە محەممەد بازیانی و دادگا بانگێشتی كردووە بەڵام ئامادەنەبووە بچێتە بەردەم دادگا و ئێستاش فەرمانەكە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ بازگە و فڕۆكەخانە و دەروازەكان.

له‌ مانگی شووباتی 2022، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ شاری هه‌ولێر كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی گرێدا و عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز وه‌ك رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌ دیاریكرایه‌وه، كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو خولی پێشتریش رابه‌ری بزووتنه‌وه‌كه‌ بووه‌.

دوای ئەوەش رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (2ی تشرینی یه‌كه‌می 2022)، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، كامیلی حاجی عه‌لی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌، خۆی به‌ رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان ناساند و سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كانی ناو كۆنگره‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

لە نووسراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە (5524)ـی لە (13ـی شوباتی 2023) كە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە کە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان ناكرێت دوو حیزب یەك ناویان هەبێت، بۆیە پێویستە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لەبارەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە جێبەجێ بكرێت، کە دادگاکە جەختی لەسەر ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی ئەو بزووتنەوەیە کردبووەوە.

0
0
0