بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی باکووری جەزائیر 15 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:

دەسەڵاتدارانی جەزائیر رایانگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی باکوری جەزائیر لە کاتی هاتنی شەپۆلێکی گەرما، 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 26 کەسیش برینداربوون و بەم هۆیەوەش هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەم ناوچانە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.

ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی جەزائیر لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە وڵاتەکەدا بە گشتی 97 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە 16 ویلایەت تۆمارکراوە، بەڵام سەخترینیان لە ویلایەتەکانی بێجایا، بویرە و جەجیل سەریهەڵداوە و لە ئاکامدا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 26 کەسیش برینداربوون.

ئەم ئاگرانە کە بەهۆی بای بەهێزەوە هێواش دەکرانەوە، گەیشتنە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی ئەو سێ ویلایەتە، کە 1500 کەس بەوهۆیەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.

هاوکات، ئەم ئاگرکەوتنەوانە بەهۆی شەپۆڵی گەرمای بەتینەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاستدا روودەدەن و بە تایبەت لەو ماوەیەدا کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی رێژەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.

پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکانی جەزائیر بگاتە 48 پلە، ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی گژوگیا لەم ناوچانەدا، هەروەها دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئاگرکەوتنەوە.

لەلایەن خۆیەوە عەبدولمەجید تەبون، سەرۆککۆماری جەزائیر، لە راگەیاندراوێکدا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی جەزائیر، نزیکەی حەوت هەزار و 500 ئاگرکوژێنەوە و 350 بارهەڵگر بە قەبارەی جیاواز کۆکراونەتەوە، بە پاڵپشتی ئامرازەکانی کوژاندنەوە، کە لەو رێگەیەوە توانرا بەشێکی زۆری ئاگرکەوتنەوەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

هەموو هاوینێک باکوور و رۆژهەڵاتی جەزائیر شایەدی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبن، ئەمەش بووەتە دیاردەیەک ساڵ بە ساڵ بەهۆی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا توندتر دەبێتەوە کە دەبێتە هۆی وشکەساڵی و هاتنی شەپۆڵی گەرما.