میکانیزمێک بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانە دیاریكرا کە پێشمەرگە خۆی کڕیویەتی
K24 – هەولێر:
وهزارهتی پێشمهرگه رایدهگهیهنێت، بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 2ـی چەک بەڕێوەچوو و تێیدا میکانیزمێک بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانە دیاریكرا کە پێشمەرگە خۆی کڕیویەتی.
ئهمڕۆ دووشهممه 24ـی تهمموزی 2023، وهزارهتی پێشمهرگه راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ئامادەبوونی نوێنهرانی وهزارهتی پێشمەرگە و نوێنەرانی سەرجەم لایەنە ئەمنییەکانی دیكهی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ كرا لەبارەی دیاریكردنی میکانیزمێک بۆ تۆمارکردن و رێکخستنەوەی ئەو چەکانەی، کە بەدەستی پێشمەرگەوەیە و پێشمەرگە خۆی کڕیویەتی وە بۆ مەبەستی ئەركی سەربازی فەرمی خۆی بەکاری دەهێنێت.
لەمبارەیەوە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە 2ـی چەک، گەیشتوونەتە رێککەوتن، کە ماوەیەک دیاری بکرێت بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانە، لەڕێگەی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەشێوەیەک بێت بگونجێت لەگەڵ ئەو یاسا بەرکارەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.
وهزارهتی پێشمهرگه راشیگهیاند، ئەم رێکكارە بە مەبەستی تۆمارکردن و بە مۆڵەتکردن و پاراستنی مافی پێشمەرگەیە بۆ ئەو چەکانەی، کە موڵكی خۆیەتی و ئەرکی سەربازی خۆی پێ جێبەجێ دەکات.