ئیسماعیل بێشكچی: په‌یماننامه‌ی لۆزان سێیه‌م پڕۆژه‌ی دابه‌شكردنی كوردستان بوو
K24 – هەولێر:
ئیسماعیل بێشكچی، نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناس تایبه‌ت به كوردستان24 سه‌باره‌ت به په‌یماننامه‌ی لۆزان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی لۆزان بریتی بوو له پرسی كوردستان، كه هاوكات پرسی هه‌ره‌باڵای كوردیش بوو، به‌ڵام نوێنه‌رانی كورد تێیدا به‌شدار نه‌بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا عیسمه‌ت ئینینۆ، سه‌رۆكی شاندنی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له به‌شداریپێكردنی كورد بگرێت، چه‌ندین هه‌وڵی جۆراوجۆری دا، تاوه‌كوو بڵێ "نوێنه‌ری كورد"ـیشم.
ڕاستییه‌كه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌گه‌ڵ خۆیدا وێرانییه‌كه‌ی گه‌وره‌ی هێنا، سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی جیهان دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ پرسی ئاشتیان خسته به‌ر باس و ئاماژه‌یان به‌وه كرد، ئاستی ناكۆكی و ململانێكان هه‌ر چییه‌ك بێت، به‌ڵام له توانا هه‌یه، هه‌مووان به ده‌وری مێزی گفتوگۆ كۆببنه‌وه و به‌یه‌كه‌وه دابنیشن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له‌دوای جه‌نگه‌كه له پاریس كۆنفرانسێكی جیهانی به‌ڕێوه‌چوو و له ساڵی 1925ـدا به به‌شداری 25 وڵات باسی ئاشتی گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و دوای ئه‌و گوتوبێژانه‌ی له كۆنفرانسه‌دا كران، كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان وه‌ك رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یی له ساڵی 1919ـدا هاته دامه‌زراندن.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه هێشتا جیهان له‌ناو گه‌رمه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌میندا بوو، فه‌ره‌نسا و بریتانیا له‌ناو خۆیاندا و به‌نهێنی رێككه‌وتننامه‌ی سایكس – پیكۆیان واژۆ كرد و له ئه‌نجامیشدا كوردستان له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌ی جیهان دابه‌ش كرا، دواتر رووسیایش سه‌باره‌ت به هه‌ندێك بابه‌تی سنووری به‌تایبه‌تی له‌ناو خاكی توركیا چووه‌ته ناو رێككه‌وتننامه‌كه و پاشانیش له ساڵی 1917ـدا رێككه‌وتننامه‌كه ئاشكرا بوو. راستییه‌كه‌ی دابه‌شكردنی كوردستان له‌لایه‌ن سایكس – پیكۆوه، درێژكراوه‌ی پڕۆسه‌كانی پێش خۆی بوو سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی كوردستان، كه ئه‌مه جاری دووه‌م بوو دابه‌ش كرایه‌وه و له لۆزانیش بۆ جاری سێیه‌م به‌ر پڕۆسه‌ی دابه‌شكردن بووه‌وه.
تیشكی خسته ئه‌وه‌یش كه زۆربه‌ی كوردستان به‌ر له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌ژێر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بوو و خاكی كوردان له میانی دابه‌شكردنی میراتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا به‌سه‌ر وڵاتان، پارچه كرا و به‌ر زلهێزه‌كان كه‌وت، گوتیشی، دوای ئه‌وه‌ی عێراق به‌ر به‌ریتانیا كه‌وت، شێخ مه‌حموود به‌رزنجی خۆی وه‌ك مه‌لیكی كوردستان به‌رامبه‌ر به به‌ریتانییه‌كان ناساند، كه له راستیدا ئینگلیزه‌كان ئاره‌زووی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد كورد سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵكوو مه‌به‌ستیان بوو كورد له بن ده‌ستی ئه‌واندا بێت، بێشكچی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش راكێشا، كه كورد خودی خۆی كه‌موكوڕی له دروستبوونی ده‌وڵه‌ت هه‌بووه و له‌ناو خۆیاندا یه‌كێتییه‌كی هاوبه‌شیان نه‌بوو، كه هه‌ر ئه‌مه‌یشه وایكردووه دوژمنانی ئه‌وه به ده‌رفه‌ت بقۆسنه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی دیكه له‌ناو خۆیاندا په‌رته‌وازه‌یان بكه‌ن.
گوتاره‌كانی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك له ساڵی 1919 له كۆنگره‌ی ئه‌رزڕم و سێواس جێی بایه‌خ بوون، كاتێك گوتی "ئیسلام ژێرده‌سته‌یه"، به‌و واتایه‌ی ئه‌و گوتی ئیسلام و خه‌لیفه له‌و بارودۆخه نوێیه‌ی جیهان ژێرده‌سته‌نه و ده‌بێت رزگار بكرێن، ئه‌م جۆره ئاخاوتن و گوتاره سه‌رنجڕاكێشانه‌ی ئه‌تاتورك كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كورد هه‌بوو، نه‌خاسمه كه كورد به سروشتی خۆی بڕواداره و پابه‌ندی بڕوا و به‌ها ئایینییه‌كانییه‌تی، له‌و لاوه ده‌بینرێت كه ئینگلیز ئیسلام و خه‌لیفه‌ی عوسمانی خستووه‌ته بن ده‌ستی خۆی، بۆیه له‌و دیدگه گشتییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كه شێخ مه‌حموود به‌و قسه‌یه‌ی ئه‌تاتورك كاریگه‌ر بووه و ده‌بینێت ئیسلام و خه‌لیفه له‌ژێر ده‌ستی ئینگلیزدان! كه ئه‌مه‌یش به‌شێكه له‌و كێماسییه‌كه‌ی له خودی كورددا بوونی هه‌یه و نه‌یاتوانیوه له ده‌رفه‌ته‌كاندا وه‌ك پێویست كارتێكراو نه‌بن و له مانۆڕه‌كان وریا بن. بۆیه ئه‌و كه‌موكوڕییه به‌رده‌وام بوو تاوه‌كو لۆزان مۆر كرا و كوردستان دابه‌ش كرایه‌وه نه‌بووه ده‌وڵه‌ت.
بێشكچی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌تاتورك له ساڵی 1920ـدا دوو جار و له دوو كاتی جیاوازدا چاوپێكه‌وتنی نهێنی له‌گه‌ڵ به‌رتیانییه‌كان و فه‌ره‌نسییه‌كان ئه‌نجام دا، بۆیه پڕۆژه‌ی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسای سه‌باره‌ت به دۆزی كورد بۆ روون ده‌بێته‌وه و له‌لای خۆی گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كات، ئه‌وه‌یشی بۆ روون ده‌بێته‌وه كه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، جیهان دیزاینێكی نوێی ده‌بێت و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش چه‌قی گۆڕانكارییه‌كانه، به‌شێوه‌یه‌ك سوور ده‌زانێت پڕۆژه‌ی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له ناوچه‌كه‌دا چییه، نه‌خاسمه كه عێراق و ئوردن و سووریا و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه چاره‌نووسیان به ده‌ستی ئه‌وانه‌وه ده‌بێت. ئه‌تاتورك بۆی روون ده‌بێته‌وه كه پرسێك به ناوی پرسی كورد له‌لایه‌ن به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له ئارادا نییه و پڕۆژه‌یه‌كی به‌ریتانی له‌و باره‌یه‌وه نییه، بۆیه له‌و سۆنگه‌یه و دوای ئه‌و دڵنیابوونه‌وه‌ی ئه‌تاتورك بوو له به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا كه پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ كورد نییه، هات و گوتی "ئیسلام ژێرده‌سته‌یه!"، به‌وه‌یش كوردی له ده‌وری خۆیدا كۆكرده‌وه.
بێشكچی گه‌ڕایه‌وه سه‌ر دیدگای شێخ مه‌حموود به‌رامبه‌ر به ئینگلیزه‌كان، كه كارتێكراو به گوته‌كه‌ی ئه‌تاتورك و به‌هه‌مان شێوه پێی وابوو ئینگلیز ئیسلام و خه‌لیفه‌یان خستووه‌ته بن ده‌ستی خۆیان، بۆیه شه‌ڕی زیاتری له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان ده‌كرد و مسته‌فا كه‌مالیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاریكاری شێخ مه‌حموودی ده‌كرد، به‌ڵام راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه شیخ مه‌حموود له شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئینگلیز به‌رده‌وام بوو، ماندوو و لاواز بوو. سه‌رنج بده، مووسڵ له سنووری میساقی میللیدایه، ئه‌گه‌ر كورد هێزی خۆی له ده‌ست بدات، پێكهاتنی میساقی میللی ئاسانتر ده‌بێت!
هه‌روه‌ها بێشكچی گوتی، عێراقی سه‌ر به به‌ریتانیا، فه‌ڵه‌ستین، ئوردن، لوبنان و فه‌ڵه‌ستین له ناوچه‌كه وه‌ك ده‌وڵه‌ت دروست بوو، دروستبوونه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌و كاته‌دا زۆر بێ‌مانا بوو. نكوڵی له‌وه ناكرێت ساڵی 1908 نه‌وت له كه‌ركووك دۆزرایه‌وه، ئاشكرایه نه‌وت بۆ به‌ریتانییه‌كان زۆر گرنگه، دواتر له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ئه‌تاتورك زانی نه‌وت بۆ به‌ریتانییه‌كان گرنگه، ئه‌و كات عێراق له سێ پارێزگا پێكهاتبوو، به‌غدا، به‌سره و مووسڵ، كوردستانیش له شنگال تاوه‌كو خانه‌قین سه‌ر به پارێزگای مووسڵ بوون، به‌ریتانیا خوازیار بوو مووسڵ به ته‌واوی ناوچه‌كانییه‌وه سه‌ر به ئینگلیز بێت، له هه‌مان كاتدا مسته‌فا كه‌مال له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و خاكه‌دا داوای مافی ده‌كرد و ده‌یگوت "باب و باپیرانی ئێمه ماوه‌ی چوارسه‌د ساڵه ئه‌و خاكانه‌یان به‌ڕێوه‌بردووه"، ئه‌و ده‌یگوت، ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به لایه‌نی سه‌ربازییه‌وه نییه، به‌ڵكوو بابه‌تێكی سیاسی و دیپلۆماسییه. بێشكچی ده‌ڵێت، له ساڵی 1922ـدا ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌تاتورك و ئینگلیزه‌كان چاره‌سه‌ر بوو، نه‌خاسمه كه مسته‌فا كه‌مال به ئینگلیزه‌كانی گوت "ئێوه له مووسڵ بكشێنه‌وه، كه‌ركووكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت بۆ ئێوه بێت". به‌م ئه‌نجامه‌یش به هه‌ردوولایان دژی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كورد وه‌ستانه‌وه.
بێشكجی پێی وایه به‌ریتانیا له هه‌ر شوێنێكدا كۆڵۆنی هه‌بووبێت ئیداره‌یه‌كی لۆكاڵی له‌وێ دامه‌زراندووه و خۆی سه‌رپه‌رشتی گشتی كردووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش نموونه‌ی به گانا هێنایه‌وه، گوتیشی تاكه كۆڵۆنی به‌ریتانیا كه خاوه‌نی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی لۆكاڵی نه‌بووه و نه‌بووه‌ته ده‌وڵه‌ت و به‌ریتانیا پشتوانی لێ نه‌كردبێت كوردستانه. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه له ساڵی 1920ـوه تا به 1930 و دواتریش ده‌گات شێخ مه‌حموود، شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی و مه‌لا مسته‌فا شه‌ڕیان له دژی ئینگلیز و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كرد. ئه‌وه‌یشی به‌بیر هێنایه‌وه كه ئینگلیزه‌كان بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1919ـدا گازی ژه‌هراویان له دژی كورد به‌كارهێناوه.
سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان بێشكچی جه‌ختیكرده‌وه، بوونی ستاتۆی هه‌رێمی كوردستان بوونێكی كاریگه‌ره بۆ هه‌موو كورد له هه‌موو پارچه‌كاندا و هه‌مووان چاویان له‌سه‌ره، هاوكات به پێویستی زانی هه‌مووان به‌رگری له‌و قه‌واره سیاسییه ده‌ستوورییه بكه‌ن. هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه كه كورد ده‌بێت به‌رگری له زمانه‌كه‌ی بكات و رێگه له ئاوابوون و نامۆبوونی بگیردرێت، به‌ڵكوو ببێته زمانی فه‌رمی هه‌ر خێزانێكی كورد و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌كانیش ئاخاوتنه‌كانیان به زمانی دایكییان بێت.