وەزیری تەندروستی بەدواداچوون بۆ رەوشی نەخۆشخانەی جوانکاری و سووتاوی سلێمانی دەکات
K24 – هەولێر:
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی جوانکاری و سووتاوی لە سلێمانی کرد و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ رەوشی نەخۆشخانەکە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی تەندروستی راگەیاندراوێکی بڵاویکردووەتەوە کە تێید هاتووە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی جوانکاری و سووتاوی لەشاری سلێمانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ڕەوشی خزمەتگوزاریەکانی چارەسەری و پێداویستیەکان و کێشە و گرفتەکان و بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی نەخۆشخانەکەی کرد.
هاوکات لە میانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ تیمی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی سووتاوی لە سلێمانی کۆبووەوە، لە هەمان کاتدا لەنزیکەوە گفتوگۆی رەوشی نەخۆشان و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و وەرگرتنی داواکاریەکانیان و ئامادەیی دابیکردنی پێداویستیەکان کرا.