800 مین و پارچەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی لە باڵەکایەتی لەناوبران

K24 – هەولێر

لە دەڤەری باڵەکایەتی 800 مین و پارچەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی لەناوبران.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/هەولێر، رایگەیاند، لە پرۆسەیەکی لەناوبردندا کە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی  بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین/ هەولێر، و بە ئامادەبوون و جێبەجێکردنی راستەوخۆ لەلایەن تیمێکی فەرەنسی هێزەکانی هاوپەیمانان، شارەزا لە بواری تەقەمەنی لە هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری و پشتیوانی هێزی کۆماندۆی پێشمەرگە سەر بە یەکەی 80 و تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی مین/ هەولێر(EOD)، لە چاڵی لەناوبردن، لە بەرزاییەکانی بەردەبووک، ناحیەی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەکایەتی، 800 مین و پارچەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی جۆراوجۆر کە لە ئەنجامی کاری رۆژانەی تیمەکانی مینلابەری دۆزرابوونەوە بەسەرکەوتوویی لەناوبران.

لە سەردەمی شەڕی عێراق – ئێران، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان مینڕێژکراون، تا ئێستا نەتوانراوە بە تەواوی پاکبکرێنەوە، سنووری قەزای چۆمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی بەشێک لە سنوورەکانی مین و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی لێماون.

.
.
.
.