سەربازێک بەهۆی ئەوەی منداڵەکەی مردووە و ئاگادارییان نەکردووەتەوە 13 کەسی کوشت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازی، دەسەڵاتدارانی کۆنگۆ رۆژی سێشەممە، دەستگیرکردنی سەربازێکیان راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی 13 کەس کە زۆربەیان منداڵن.

بەپێی گوتەی شایەتحاڵان لە گوندی نیاکۆڤا، سەربازە تۆمەتبارەکە بەرگەی مردن و ناشتنی کوڕەکەی نەگرتووە، لەکاتێکدا کە منداڵەکەی مردووە بەبێ ئاگادارکردنەوەی خۆی ناشتوویانە.

نیاکۆڤا گوندێکە لە پارێزگای دجوگۆ، دانیشتووانەکەی لەسەر راوکردنی ماسی دەژین، نزیکەی 65 کم لە رۆژهەڵاتی شاری بونیای پایتەختی پارێزگای ئیتوری دوورە، لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی.

ئەفسەر جول نگۆنگۆ، گوتەبێژی سوپای کۆنگۆی دیموکرات، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئەو سەربازە کە گەڕاوەتەوە ماڵەکەی، تەقەی لەو هاوڵاتیە مەدەنیانە کردووە کە لە شوێنی ماتەمینی کوڕەکەی  کۆبوونەتەوە، تەقەکردنەکەشی بە بیانووی ئەوەبووە منداڵەکەی گیانی لەدەستداوە و بەبێ ئەوەی ئاگاداربکرێتەوە بە خاک سپێردراوە".

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەقەکردنەکەدا 13 کوژراون، کە لەنێو کوژراوەکاندا نۆ منداڵی تێدایە کە دوو منداڵیان لە بنەماڵەی سەربازەکەن.

عەقید جۆزێف ماکێلێلێ، داواکاری گشتی دادگای سەربازی ئیتوری لە پارێزگای ئیتوری بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، تۆمەتبارەکە تەمەن 32 ساڵە و ناوی پاپێ ندۆمبێ ئۆبیتۆیە و ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆمەتی کوشتن و سەرپێچیکردنی فەرمانەکان دادگایی دەکرێت.

نگۆنگۆ دەشڵێت: کە تۆمەتبارەکە کار بۆ هێزی دەریایی دەکات لە شاری تشۆمیا، کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە نیاکۆڤاوە دوورە لە کەنارەکانی دەریاچەی ئەلبێرت کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆگاندا.

ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکە لە شوێنی هێرشەکە هەڵاتووە و خۆی لە تشۆمیا حەشارداوە و درەنگانی یەکشەممە لەوێ دۆزراوەتەوە و رادەست کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی رایگەیاند، کەسێک بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی کوژراوان بۆ 14 کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی دیکە بڵاویکردەوە، یەکێک لە دراوسێکانی سەربازەکان تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دوای ئەوەی بەهۆی تەقەی تفەنگەکە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوو، گیانی لەدەستدا.