ئەردۆغان: هەناردەی پیشسازییەکانی بەرگریمان زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بووە

ئەردۆغان
ئەردۆغان

K24 - هەولێر

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، وڵاتەکەی ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە لە هەناردەکردنی پیشەسازییەکانی بەرگریدا بە بڕی دوو ملیار و 378 ملیۆن دۆلار.

لە میانەی کردنەوەی شانزەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی بەرگری لە ئیستانبوڵ، ئەردۆغان گوتی: "ئامانج ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەی بەرگریمان بگاتە 6 ملیار دۆلار".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە میانەی سەردانەکەمان بۆ وڵاتانی کەنداو لە هەفتەی رابردوودا، گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنمان لە مێژوودا لە بواری بەرهەمەکانی بەرگریدا واژۆ کرد، ئێمە پێمانوایە لە ساڵی 2023دا گرێبەستی نوێ بۆ ئەو گرێبەستانە زیاد دەکرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی تەنها ئامانجی فرۆشتنی بەرهەمە بەرگرییەکان نییە، بەڵکو ئامانجی دامەزراندنی هاوبەشی درێژخایەن و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەشە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، کە لە ئێستادا 850 پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە لە کەرتی پیشەسازیدا.

سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ساڵی 1993 ەوە ساڵانە پێشانگای پیشەسازی بەرگری نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و بووەتە براندێکی جیهانی لە پیشەسازی بەرگریدا"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "تورکیا گرنگییەکی زۆری هەیە بە پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی بەرگری سەرەڕای چەندین بەربەست و قەدەغەکردنی ئاشکرا".

راشیگەیاند، "پیشەسازی بەرگری تورکیا چیرۆکێکی سەرکەوتووی نووسیوە کە هەموو جیهان لەم ساڵانەی دواییدا بە سەرسوڕمانەوە شوێنی کەوتووە و بە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی و تۆپخانە و موشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و هەموو جۆرە چەک و رادارێک کە لە ناوچەکانی شەڕدا تاقیکراونەتەوە، بەهای خۆی سەلماندووە".