سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک بە گوژمەى 20 ملیۆن دۆلار تەواو دەکرێت

سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک
سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک

K24 - هەولێر:

بە گوژمەى 20 ملیۆن دۆلار، سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک لەسەر رووبەری 21 هەزار مەتر تەواو دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابینکردن و بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراك، یەكێكە لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە کارکردن لە پرۆژە ستراتیژییەکان بەردەوامن و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆژەی سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک، بە تێچووی 20 ملیۆن دۆلار لە تەواوبووندایە.

لەوبارەیەوە، ئەندازیار ئاراز جەمال، بەڕێوەبەری پرۆژەكەیە و دەڵێت: "پرۆژەکە %93ـی کارەکانی تەواو بووە و لە کاتی کارکردنیش لەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە 120 هەلی کار رەخسێنراوە، بە تەواوبوونیشی، 100 هەلی کاری بەردەوام بۆ دەستی کاری ناوخۆیی دەڕەخسێنێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە زاری ئەندازیار ئازار جەمال بڵاویکردەوە: "رووبەری پرۆژەكە زیاتر لە 21 هەزار مەترە، کە پێکهاتووە لە 12 سایلۆ و کارگەیەکی ئارد كە دەتوانن ساڵانە 150 هەزار تۆن گەنم وەربگرن و کارگەکەش 150 هەزار تۆن ئارد بەرهەم بهێنێت".

وەک میدیا و زانیاری روونیکردووەتەوە، ئەم پرۆژەیە دەبێتە بەشێكی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە پارێزگای دهۆک و جگە لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ناوچەکە، هەلی کاری بەردەوامیش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت.