كاردینال لویس ساكۆ بۆ نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى كوردستان سه‌رزه‌مينى ‏پێكه‌وه‌ژ‌يان و يه‌كترقبووڵكردنه‌

کۆبوونەوەی سەرۆكی ‏كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان | وێنە: راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆكی ‏كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان | وێنە: راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆكی ‏كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان سه‌رزه‌مينى ‏پێكه‌وه‌ژ‌يان و يه‌كترقبووڵكردنه‌ و شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ن‌. نێچیرڤان بارزانیش ئاماژە بەوە دەدات، "گرنگه‌ عێراق به‌ ‏هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ خێمه‌يه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و ‏نه‌ته‌وه‌ييه‌كان بمێنێته‌وه".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ـی تەممووزی 2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی ‏كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.‏

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ بەشێکی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی كشاندنه‌وه‌ى فه‌رمانى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى عێراقى تايبه‌ت ‏به‌ كه‌نيسه‌ى كلدانىیان کردووە و، نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكردووەتەوە،‌ "گرنگه‌ عێراق به‌ ‏هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ خێمه‌يه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و ‏نه‌ته‌وه‌ييه‌كان بمێنێته‌وه"‌ و هيواشی خواستووە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقى "به‌ ‏زووترين كات ئه‌و كێشه‌يه‌ چاره‌سه‌ر بكات".‏

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌، پێكه‌وه‌ژيان و ‏يه‌كترقبووڵكردن، بڕوا و پره‌نسيپه‌ و جوانيى عێراق له‌وه‌دايه‌ نيشتمانى هه‌موو ‏پێكهاته‌كان بێت و تيايدا مافى هه‌مووان پارێزراو بێت.‏"

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، كاردينال ساكۆ سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانيى ‏نێچيرڤان بارزانى دەربڕیوە و دووپاتىكردووەتەوە‌، "هه‌رێمى كوردستان سه‌رزه‌مينى ‏پێكه‌وه‌ژ‌يان و يه‌كترقبووڵكردنه‌ و شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ن‌"  ‌ و  ئاماژەشی بەوە داوە، کێشەکەی لەگەڵ فەرمانێکی سەرۆککۆماری عێراق، "هه‌رگيز ڕێگه‌ له‌ كار و ئه‌ركه‌كانى ناگرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ‏پارێزگاريكردن له‌ عێراق و پێكه‌وه‌ژيان".‏

دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به‌ دۆخى كه‌نيسه‌ و ‏مه‌سيحييه‌كان به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ پشتیوان سادق، وه‌زيرى ئه‌وقاف و ‏كاروبارى ئايينیی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.‏