چوونی ئێمباپێ بۆ هیلال خه‌ریكه‌ له‌ خه‌ونه‌وه‌ ده‌بێته‌ راستی

هه‌وڵه‌كانی هیلالی سعوودیه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی كلیان ئێمباپێ زۆر جدییه‌، خانه‌واده‌ی ئه‌و یاریزانه‌ به‌ ئۆفه‌ره‌ خه‌یاڵییه‌كه‌ی یانه‌ سعوودییه‌كه‌ رازیبوونه‌، پاریس سانجێرمانیش هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ نه‌چێته‌ ریال مه‌درید و رێگای بۆ خۆشكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئۆفه‌ری هیلالی سعوودیه‌ رازی بێت.

دوای ئه‌وه‌ی فابریزیۆ رۆمانۆ پسپۆڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئاشكرای كرد هیلال ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنه‌وه‌ی كلیان ئێمباپێ پێشكه‌شی پاریس سانجێرمان كردووه‌ به‌ مووچه‌ی ساڵانه‌ی 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ هه‌ر وه‌رزێك، كۆی ئه‌و پاداشتانه‌ی وه‌ریده‌گرێت ده‌گاته‌ 700 ملیۆن یۆرۆ.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی پێگه‌ی Goalـی عه‌ره‌بی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئێمباپێ ره‌نگه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز بچێته‌ شاری ریازی سعوودیه‌ و یاریی بۆ هیلال بكات، پاشان له‌ هاوینی داهاتوو خه‌ونی پۆشینی درێسی ریال مه‌درید بكاته‌ راستی و په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ ئیسپانییه‌كه‌ بكات.

هه‌مان سه‌رچاوه‌ ئاشكرای كردووه‌ فه‌هد بن نافل سه‌رۆكی یانه‌ی هیلال گه‌شتی بۆ فه‌ره‌نسا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمباپێ و خانه‌واده‌كه‌ی كۆببێته‌وه‌ و ئه‌و یاریزانه‌ رازی بكات درێسه‌ شینه‌كه‌ی یانه‌ گه‌وره‌كه‌ی سعوودیه‌ بپۆشێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ نووسیویه‌تی: كلیان ئێمباپێ لە دۆخێکی سەختدا دەژی، ڕەنگە ئەو ئۆفەره‌ی سعودیە تاکە ڕێگەی دەربازبوون بێت، چونکە پاریس سانجێرمان ئه‌و یاریزانه‌ی لە گەشتە ئاماده‌كارییه‌كه‌ی ژاپۆنی دوورخستەوە و بڕیاریشداوه‌ ناوی له‌ لیستی یاریزانه‌ به‌شداربووه‌كانی چامپیۆنزلیگیش ده‌ربێنێت، پاریس دوایین مۆڵه‌تی تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ داوه‌ته‌ ئێمباپێ لە نێوان بژاردەکانی جێهێشتنی ئەم هاوینە یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

كارگێری پاریس سانجێرمان هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئێمباپێ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تا كۆتایی وه‌رزی داهاتوو له‌ یانه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ پاشان به‌ خۆڕایی بڕواته‌ یانه‌ی ریال مه‌درید.

كلیان ئێمباپیی تەمەن 24 ساڵ، لە هاوینی 2017، لە مۆناکۆی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان کردووە، 212 گۆڵ و 98 ئاسیستی كردووه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌شی له‌ هاوینی داهاتوو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ كۆتایی دێت.