ئاراس قادر: خەڵکانێک لەناو حکومەتی عێراق دەیانەوێت رێگری لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بکەن

ئاری هەرسین: "مووچە گرنگە بۆ ژیان بەڵام لە مووچە گرنگتر خاک و نیشتمانە"

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی کوردستان، رایدەگەیەنێت، خەڵکانێک لەناو حکومەتی عێراق دەیانەوێت رێگری لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بکەن و شەڕی ئیرادە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، هەروەها گوتیشی: کێشەی مووچە و بودجە وەک کارتێک بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت، لەلایەن خۆیەوە ئاری هه‌رسین، په‌رله‌مانتاری خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئاشکرایکرد، مافی ملەتی کورد لە بەغدا کورت کراوەتەوە لە پرسی بودجەدا، دەشڵێت: پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد پێگەی کورد لاواز دەکات.

ئاراس قادر، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی کوردستان و ئاری هه‌رسین ، په‌رله‌مانتاری خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، لە میانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ئاراس قادر، رایگەیاند، "کوردستان دەبێت خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و دەبێت خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت، ئەگەر بێت و سازش لەسەر هەندێک شت بکەین، هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی زۆر شتی  دیکە لەدەست بدەین".

هەروەها راشیگەیاند، ئەو رێگا چارانەی کە دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی کوردستان بنێرێت درێژخایەن نییە، چونکە حکومەتی عێراق هەمیشە بیانو بە بودجەی هەرێمی کوردستان دەگرن و شەڕی ئیرادە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.

سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، زۆر لایەن کاریان کرد بۆ بێهیزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هەروەها خەڵکانێک لەناو حکومەتی عێراق دەیانەوێت رێگری لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بکەن، هەروەها دەمێکە شەڕی ئیرادە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئاراس قادر، باسی لەوەشکرد، کێشەی مووچە و بودجە وەک کارتێک بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت، هەروەها رادەستکردنی نەوت تەنیا پەیوەست نییە بە پرسی داراییەوە.

سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی کوردستان، گوتی: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدات کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێت، بەڵام عێراق دەیانەوێت بۆ ناوخۆ بەکار بێت کە لە زیانی ئێمە دەشکێتەوە".

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی بەغدا کە لەسەری رێککەوتبوون لە پرسی مووچە و بودجە جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا لەسەر بەڵێنەکەی خۆی نەبووە پابەندی رێککەوتنەکەی نێوانیان نەبووە".

ئاراس قادر، ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم کوردستان و قیادەی سیاسی هەرێمی کوردستان سازش لەسەر مافە سەرەکییەکانی ئەو هەرێمە ناکات.

لەلایەن خۆیەوە، ئاری هه‌رسین، په‌رله‌مانتاری خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، رایگەیاند، میلەتێکی شەرمنین لە داواکاری مافە دەستوورییەکانی خۆمان لە عێراق، هەروەها ئێمە هەمیشە وەک برا بچووک سەیردەکرێین لە عێراق.

هەروەها راشیگەیاند، مافی ملەتی کورد لە بەغدا کورت کراوەتەوە لە پرسی بودجەدا، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هەر رۆژە لێرە سەرکردایەتی حزبێکی کوردستان هەڵدەستێت دەچێت بۆ بەغدا، لە کاتێکدا تۆ حکومەتت هەیە کە نوێنەرایەتیت بکا نەک حزبی سیاسی.

باسی لەوەشکرد، پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد پێگەی کورد لاواز دەکات، هەروەها لە هەرێمی کوردستان هەر کەسەو خۆی بە حکومەتێکی مەرکەزی دەزانێت.

ئەو په‌رله‌مانتارەی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، روونیکردەوە، لە پارێزگای سلێمانی کە زبڵ کۆناکرێتەوە خەڵک دەهێننە سەر شەقام کە خۆپیشاندان بکەن دژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا پارتی هیچ دەسەڵاتێکی نییە لە سلێمانی، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی خەڵک هەر گلەییەکی هەبێت دەبێت بچێت لە دەرگای یەکێتی بدات، کە بڵێت تۆ بەرپرسیاری لێرە.

ئاری هەرسین، ئەوەشی خستەڕوو، دەیانگوت ئەگەر مووچە لە بەغدا بێت کوردستان دەبێتە سویسرا، بەڵام وا نەبوو، مووچە گرنگە بۆ ژیان بەڵام لە مووچە گرنگتر خاک و نیشتمانە.

ئەو په‌رله‌مانتارەی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، دەشڵێت: "دەسەڵاتێکی شۆڤێنی لە بەغدا هەیە لەلاین هێزێکی نەزۆکی سیاسی کوردییەوە پشتیوانی دەکرێت و ئەو هێزە کوردییەش دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێتەوە.