یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا لەرێگەی ئۆنڵاینەوە مۆڵەت بداتە گەشتیاران

K24 - هەولێر

یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا، لە ساڵی 2024ەوە، سیستەمی زانیاری و رێگەپێدانی گەشتیاری ئەوروپا ETIAS جێبەجێ بکات، کە پێویستە گەشتیاران پێش گەشتکردن رەزامەندی پێشوەختە وەربگرن، بە مەرجێک ئەم سیستەمە هاوڵاتیانی ئەمەریکیش بگرێتەوە.

ETIAS پرۆسەیەکی راستەوخۆیە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بە شێوەی ئۆنلاین و وەرگرتنی رەزامەندی لە رێگەی ئیمەیڵەوە، گەشتیاران پێویستە فۆڕمێک پڕبکەنەوە کە داتای سەرەتایی داواکار و سیڤی و پلانی گەشتکردن و هەروەها پرسیاری ئەمنی لەخۆدەگرێت.

هەرچەندە زۆربەی داواکاران لە ماوەی یەک کاتژمێردا رەزامەندی وەردەگرن، بەڵام رەنگە هەندێکیان رەنگە تا 96 کاتژمێر لە چاوەڕوانی بمێننەوە بۆ پشکنینی زیاتری زانیارییەکانییان.

تێچووی پێشکەشکردنی داواکاری نزیکەی 8 دۆلارە بۆ گەشتیاران لە هەر تەمەنێکدا بن، کاتێک رەزامەندی وەرگیرا، مۆڵەتی گەشتکردنەکە، گەشتیار دەتوانێت بۆماوەی سێ ساڵ و چەندجارێک گەشت بکات یان تا بەسەرچوونی پاسپۆرتەکە کارا دەبێت.

سەرەڕای ڕێکارە نوێیەکان، بەڵام ماوەی مانەوە بۆ گەشتیارانی ئەمەریکی لە ئەوروپا گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، چونکە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەمەریکی لەماوەی 90 رۆژ تاوەکو 180 رۆژ دەتوانن بەبێ ڤیزە بمێننەوە.

وەرگرتنی مۆڵەت لە سیستەمی زانیاری و رێگەپێدانی گەشتیاری ئەوروپا پێویستە بۆ گەشتکردن بۆ هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لەوانەش ئەندامانی ناوچەی شنگن، وەک ئیسپانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا و وڵاتانی کۆمەڵەی بازرگانی ئازادی ئەوروپا، وەک ئایسلەندا، نەرویج و سویسرا، و ئەندامانی داهاتووی ناوچەی شنگن، وەک بولگاریا و قوبرس، و وڵاتانی بچووکی ئەوروپا، وەک ئەندۆرا و مۆناکۆ.