سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە: یاداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، یاداشتێکیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێش و گرفتەکانی بەرکەوتووانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئارستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و داوا دەکەن کێشەکانیان بۆ چارەسەربکرێن.

رۆژی چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گوێی لە گلەیی، رەخنە و پێشنیازەکانیانی گرت. ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، لەو دیدارەدا باسیان لە بارودۆخی بەرکەوتووانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیان بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و یاداشتێکیان لەوبارەوە پێداوە.

وەکو ئەوەی لوقمان عەبدولقادر باسی دەکات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگیی بە یاداشتەکەیانی دا و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێش و گرفتی بەرکەوتووانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کۆببێتەوە.

بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و "ئەو گرفتانەی هەمانبوون، خاڵ بە خاڵ خستمانە بەردەم وەزیری تەندروستی" و بڕیاروایە خۆی ئەو یاداشتە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرزبکاتەوە، بۆ ئەوەی کێش و گرفتەکان چارەسەربکرێن.

لوقمان عەبدولقادر بە ئاماژەدان بەوەی بەشێک لە کێشە و گرفتیان پەیوەندیی بە ناردنە دەرەوەی بەرکەوتووان بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ڕاگرتنی "مینحەی" کەسوکاری شەهیدانە کە مووچەی دیکەیان هەبووە. دەشڵێت، "ئەو میکانیزمەی پێشتر بۆ ناردنەدەرەوەی بریندراران کاری لەسەر کرا، سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ئەو 53 بەرکەوتووی بڕیاروابوو بەڕێبکرێن، هێشتا حەوتیان بەڕێنەکراون."

لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو بەرکەوتووانەی بەڕێدەکرێن، بەبێ ئەوەی شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتی ئێران یاوەریان بێت. هاوکاتیش کاتێک ئەم بەرکەوتووانە نەشتەرگەریی چاویان بۆ دەکرێت، دەبێت چاودێری چڕ بکرێن و لەکاتی پێویستدا بگەڕێنەوە لای پزیشکەکانیان، بەڵام ئەو چوار نەشتەرگەرییەی کران، بەهۆی ئەوەی نەخۆشەکان لە کاتی خۆیدا پزیشکەکانیان نەبینییەوە و بودجەکە تەنها بۆ یەکجار دیاریکرابوو، هەر چوار بریندارەکە چاوەکانیان لەدەستدا".

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە راشیگەیاند، هۆکاری سەرنەکەوتنی نەشتەرگەرییەکان "دەرئەنجامی ئەو دەرخستەیە بوو، کە بە داخەوە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە کرابوو. هەرچەندە ئێمە ئەندامبووین لەو لیژنەیە، بەڵام بەبێ ئاگاداری ئێمە، ئەو دەرخستەیەیان بەرزکردەوە. دەرئەنجامەکەمان بینی، بەداخەوە، چوار نەشتەرگەریی کران، هەر چواریان چاوەکانیان لەدەستدا". گوتیشی: "داوامانکردووە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران چاودرێی ئەم دۆسیەیە بکات، چونکە ئەم دۆسیانە پێویستە بەردەوامی هەبێت و بریندارەکان لە کاتی خۆیدا سەردانی پزیشکەکانیان بکەنەوە ."