تەواو؛ ئێمباپێ دەچێتە ریزەکانی هیلالی سعوودی

کلیان ئێمباپێ
کلیان ئێمباپێ

ئێمباپێ لە چوونی بۆ ریزەکانی هیلالی سعوودی نزیکبووەتەوە و دوای رەزامەندیی پاریس سانجێرمان ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە لەگەڵ یانە سعوودییەکە دەستی بە گفتوگۆ کردووە.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان ئۆفەرەکەی هیلالی سعوودی قبووڵ کرد، کلیان ئێمباپێ لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودی دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی مووچەی یاریزانەکە بگەنە رێککەوتن، کە هیلال 300 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی پاریس کردووە و 700 ملیۆن یۆرۆش وەکو مووچە بە ئێمباپێ دەدات.

بەگوێرەی رۆژنامە ئیسپانییەکە، هیلال شاندێکی ناردووەتە پاریس بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمباپێ گفتوگۆ بکەن کە هێرشبەرە فەرەنسییەکە دەیەوێت بۆ ماوەی ساڵێک بچێتە سعوودیە ئینجا هاوینی داهاتوو بچێتە ریاڵ مەدرید، بەڵام یانە سعوودییەکە دەیەوێت بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرەکەی سانجێرمان واژۆ بکات.

پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی ئێمباپێی بانگهێشتی گەشتەکەی ژاپۆن نەکرد و لە کەمپی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ دووریخستەوە، بەفەرمی ئەو یاریزانەی خستە بازاڕ و بڕیاریدا ئەم هاوینە ئێمباپێ بفرۆشێت کە ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە و دەتوانێت هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد یانەکە بەجێبهێڵێت.

جیانلۆکا دی مارزیۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، ماڵباتی ئێمباپێ بە ئۆفەرەکەی هیلال رازین و پێیانوایە بژاردەیەکی گونجاوە لەم هاوینە یاریزانەکە بچێتە سعوودییە و دواتر بچێتە ریاڵ مەدرید.