هیوا ئەحمەد: هەوڵدەدەین لەگەڵ یەکێتی پەیوەندییمان باش بێت

K24 – هەولێر

هیوا ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەکو پارتی هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی باش بێت، دەشڵێت: کاتێک هەر کۆدەبینەوە.

هیوا ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، گوتی: "دیارە هۆکاری هوکار هەبووە تا ئێستا کۆنەبوینەتەوە، کاتێک لەگەڵ یەکێتی هەر کۆدەبینەوە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، راشیگەیاند: "هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی باش بێت، بەڵام تائێستا وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نێوانمان دیار نەکراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە 9/7/2023، دوایین کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوانیان، لە پیرمام ئەنجامدرا، بەگوتەی لێدوانی بەرپرسانی پارتی ئێستا لەلایەن حزبەکەیان خواستی ئەوە هەیە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پێشهاتە نوێیەکانی عێراق و ناوچەکە لەگەڵ یەکێتی کۆببنەوە.