جەبار یاوەر: ئەمەریکا بەردەوام هاوکاری سەربازی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە

جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 - هەولێر

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا لە ساڵی 2003 بەدواوە بەردەوام هاوکاری سەربازی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە، ئەو هاوکارییانەش لە میانی شەڕی داعش زیادیانکردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، دیار نییە عێراق رازی دەبێت ئەمەریکا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدات یان نا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە؛ ئاماژەی بەوە دا، پێدانی سیستەمەکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە "گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام ئەم پرسە هێشتا لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا لە چوارچێوەی گفتوگۆدایە و دوای ئەوەی بودجەی گشتیی ئەمەریکا تاوتوێ دەکرێت، ئینجا ئەم بابەتە پەسەند دەکرێت و چۆنیەتی ناردنیشی تاوتوێ دەکرێت".

جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو، "لەبارەی پێدانی ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە بە هێزە عێراقییەکان، دوو پرسیار دێتە پێشەوە؛ یەکەم، دەبێت بزانرێت ئایا ئەمەریکا ئەو سیستەمە وەکو هاوکارییەکی سەربازی بە هێزەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی و دواتر بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدات یان پێیانی دەفرۆشێت. دووەمیشیان. ئایا عێراق رازیدەبێت ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە بە هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت یان نا؟".

بەگوتەی جەبار یاوەر، "ئێستا عێراق خۆی خاوەنی سیستەمێکی چاودێری ئاسمانی یان سیستەمێکی چەکی دژە ئاسمانی نییە بۆ ئەوەی چاودێری ئاسمانەکەی بکات یانی عێراق خۆی لەو رووەوە کەموکورتی هەیە و ئێستا لە هەوڵدایە چاودێری ئاسمانی خۆی نوێ بکاتەوە."

وەکو ئەوەی ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە باسی دەکات، "ئەمەریکا پێدانی هەر هاوکارییەکی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە، بە یەکخستنەوە و ئەنجامدانی ریفۆرم لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا بەستوویەتییەوە و بینیمان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو شاندی باڵای هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. ئەم بابەتانەش هەموویان رۆڵیان دەبێت لە پێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە".  

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، "ئەمەریکا لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەردەوام هاوکاری سەربازی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەدا هەبووە. لە ساڵی 2010 و دوای یەکخستنی هەردوو لقەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی و هەولێر، راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بوون و چەک و تەقەمانییان پێ داون. لە ساڵی 2011 وەزارەتی ئەمەریکا دوو لیوای تەواوی وەزارەتی پێشمەرگەی بە هەموو جۆرەکانی چەکەوە پڕچەککرد."

جەبار یاوەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشی دا ئاماژەی بەوەش دا، "بەدرێژایی شەڕی داعش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاوکاریی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە پێدانی چەک و تەقەمی و راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە و تا ئێستا ئەو هاوکارییە سەربازییانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوامییان هەیە."