تارمایی سزادانی بانکەکان و پێنەدانی دۆلار بە عێراق

K24 - هەولێر
بەهۆی سزادانی ژمارەیەک بانکی دیکەی عێراق و لە نێویاندا بانکی ناوەندی لەلایەن ئەمەریکاوە، ئابوورییە هەستیارەکەی عێراق تووشی لەرزینەکی نوێ دەبێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدا روودەدات؛ ئەگەر بێت و عێراق پابەندی بڕیار و رێنماییەکانی ئەمەریکا نەبێت. بە سزادانی بانکی ناوەندیی عێراق، داهاتی نەوت کە لە ئەمەریکا کۆدەکرێتەوە، لەسەر عێراق دەبڕدرێت و، تەنەها دۆلار بۆ مووچە و کاروباری "تەشغیلی" دەنێردرێت. ئەمە بە گوتەی پسپۆڕێکی دارایی و بانکی بۆ کوردستان24.
سزادانی بانکی ناوەندی و پێنەدانی دۆلار بە عێراق
چاوەڕواندەکرێت لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، واشنتن هەنگاو بە هەنگاو سزاکانی بەسەر عێراقدا توندتر بکات، تاکو دەگاتە راگرتنی پێدانی دۆلاری داهاتی نەوت بەو وڵاتە، کە لە هەژمارێکی تایبەتدا لە ئەمەریکا کۆ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، د.سامان شاڵی، شارەزایی دارایی و بانکی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق رێنما و بڕیارەکانی ئەمەریکا جیبەجێنەکات، ئەمەریکا سزای زیاتر بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، تاکو دەگاتە سزادانی بانکی ناوەندی و ژمارەیەک کەسایەتییە نەهەنگییەکانیش. ئەم هەنگاوە لەوانەیە دوای سێ مانگی دیکە جێبەجێبکرێت، ئەگەر بێت و بانکی ناوەندی پابەندی رێنماییەکان نەبێت".
راگرتنی پێدانی دۆلار بە عێراق دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەختینەیی دیناری عێراقی لە دەستی حکومەتدا، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی هەبوونی زیاتر لە 80%ی قەبارەی دراوی دینار لە دەرەوەی بانکەکان. بەو پێیەی حکومەت پشت بە فرۆشتنی دۆلار دەبەستێت لە بەرامبەر بەدەستهێنانی دراوی ناوخۆیی.
د.سامان شاڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر بانکی ناوەندی سزابدرێت، دۆلار لەسەر عێراق دەبڕدرێت و تەنیا بۆ پێدانی مووچە و خەرجییە تەشغیلییەکان نەبێت، کە بۆی دەنێردرێت. ئەم هەنگاوەش لەکاتی سزادانی بانکی ناوەدنی روودەدات، ئەگەر بانکەکە پابەندی رێنماییەکان نەبوو و بردنەدەرەوەی دۆلاری رانەگرت".
سزادانی 18 بانکی عێراقی لەلایەن ئەمەریکاوە
رۆژی چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، ئەمەریکا مامەڵەکردن بە دۆلار لە 14 بانکی عێراقیی قەدەغە کرد. ئەمەش لە کاتێکدا چەند مانگێک پێش ئێستا چوار بانکی دیکەشی سزادابوو و، ئەو چوار بانکەی بە ناردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی ئەمەریکا سزای بەسەریاندا سەپاندوونی، تۆمەتبارکردن. عێراقییەکان بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، بەو هەواڵە چاوەڕوانکراوەیە خەبەریان دەبێتەوە و دەست بە بازاڕێکی نا جێگیر دەکەن.
ئەو شارەزا دارایی و بانکییە، ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمەریکا هەنگاو بە هەنگاو سزاکانی بەسەر بانکەکانی عێراقدا جێبەجێدەکات. دوو بۆ سێ مانگ کاتی داوەتە بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەوەی بزانێت رێنماییەکانی جێبەجێدەکات یان نا؟".
لە کۆی 72 بانکی تۆمارکراو لە عێراق، 38 بانک لە پرۆسەی فرۆتنی دۆلاری ئەمەریکی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بەشدارن. بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت 14 بانکەکە تەنها رێژەی ٪8ـی کۆی پڕۆسەی هەناردەکردنی دۆلار بۆ دەرەوە پێکدەهێنن.
رێوشوێنەکانی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر 14 بانکەکەی عێراق چاوەڕوانکرابوون، چونکە هەشت مانگ پێش ئێستا بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییان بەو 14 بانکە دابوو.
هۆکاری سزادانی 14 بانکەکەی عێراق بۆچی دەگەڕێتەوە؟
لەبارەی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق؛ بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023) بە کوردستان24ـی گوت، "بانکی ناوەندی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە پرسی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە و بابەتی سپیکردنەوەی پارە چارەسەر بکات، بۆیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تاوەکو کۆتایی دانانیشێت، تەماشەی حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندی بکات تا بزانێت چی دەکەن؟ ئەمجارە دوور نییە، ژمارەیەکی دیکەی بانکی عێراقی سزا بدات".
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق هەر نەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، ئەمجارە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای ئەو بانکەش دەدات.
سزادانی 14 بانکی عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە دەرخەری ئەو راستییەیە، ئەو بانکانە لە کاری شووشتنەوەی پارە، مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون. ئەمە بە گوتەی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی وڵاتەکەیان.
یەکێک لە بەرپرسە باڵا ئەمەریکییەکان بە رۆژنامەکەی گوتووە "گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە، لەوانەیە لە سوودی ژمارەیەک ئەو کەس و لایەنانەبن کە ئەمەریکا سزای داون یان لە بەرژەوەندیی هەندێک کەسدا بن، کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە."
پێشبینییەکان لەبارەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری عێراق لە دابەزینی بەردەوامدایە، هەرچەندە حکومەتی عێراق چەندین رێکاری بۆ رێگەگرتن لەو دابەزینە گرتووەتەوەبەر، بەڵام هێشتا بەهای دینار جێگیربوونی بەخۆیەوە نەبینیوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی سزادانی 14 بانکی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، جارێکی دیکە بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە دوا نیوەڕووی رۆژی چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، گەیشتە 157 هەزار دیناری عێراقی. پێشبینیدەکرێت بە توندکردنی زیاتری سزاکان لەلایەن ئەمەریکاوە؛ نرخی دینار لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر داببەزێت.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکی جیاوازدا ئاشکرایکرد، بەردەوامدەبن لە خستنەڕووی دۆلار بە نرخی فەرمی واتا هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 1320 دینار.
روونکردنەوەکەی حکومەتی عێراق و هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی بازاڕ
چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی هەواڵی سزادانی 14 بانکی عێراقی لەلایەن ئەمەریکاوە؛ رۆژی چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، بانکی ناوەندیی عێراق روونکردنەوەیەکی هەشت خاڵیی بڵاوکردەوە و لە یەکیک لە خاڵەکاندا ئاماژەی بەوە کردبوو، "رێگریکردن لە بانکە عێراقییەکان بو مامەڵەکردن به دۆلار، لە دوای پشکنینی ساڵی 2022ی حەواڵەی بانکییان هاتووە، ئهمهش پێش بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و دەستبەکاربوونی کابینهی محممەد شیاع سوودانی بوو".
بانکی ناوەندی عێراق روونیشیکردبووەوە، "ئەو بانکانەی بێبەشکراون لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکات ئازادییەکی تەواویان هەیە لە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لەگەڵ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی سیستەمی بانکی عێراقیدا. ئەمە جگە لەوەی مافی مامەڵەکردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دراوی دیکە ههیه، تەنها مامەڵەکردنیان بە دۆلاری ئەمریکی نهبێت".
ئەم گوڕانکارییانەی بازاڕ وایانکرد پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
دوای ئەو چەندەش، محەممەد شیاع، سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەک راوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆنیەتی سەقامگیرکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو کۆبوونەوە و، جەختیان لە ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و پەرەپێدانی کەرتەکەیان کردەوە. ئاماژەیان بەوەشدا، پەرەپێدانی کەرتی بانکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام.
ئامادەکردن: کاوار ساڵح - کوردستان24