شوان کەلاری: عێراق روانینێکی نادادپەروەری بەرامبەر هەرێم هەیە

شوان کەلاری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
شوان کەلاری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

دوای پەیوەندی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، لەوبارەیەوە ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، ئەمشەو کۆبوونەوەی جددی ئەنجامدەدرێت لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، هاوکات گوتیشی: ئەو خاڵانەی نێوان هەرێم و بەغدا کە تێڕوانینی جیاوازیان لەسەرە پێشبینی دەکرێت لەسەری رێکبکەون.

شوان کەلاری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشێوەیکی گشتی حکومەتی فیدڕاڵ ستەم لە هەرێمی کوردستان دەکات کە مووچەیان بۆ نانێرێت، هەروەکو چۆن حکومەتی فیدڕاڵ خەمی فەرمابەرانی خۆیەتی کە هەموو 18ـی مانگێک مووچە دابەش دەکات، پێویستە خەمی فەرمابەرانی هەرێمی کوردستانیشی بێت بەهەمان شیوە مووچەکانیان دوانەخات.

هاوکات راشیگەیاند، عێراق ئەو عێراقە نییە بەچاوی هاووڵاتیبوون سەیری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: دەیان ساڵە بەغدا بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان دەبڕن، هەروەها ئەزموونێکی خراپیان لە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانەش کە بەغدا بۆ هەرێمی دروستدەکرد، هەرێمی کوردستان توانییوەتی هێشتا لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

ئاماژەی بەوەدا، عێراق روانینێکی نادادپەروەری بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیە.

باسی لەوەشکرد، عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان پیشکەوتوو بێت و هەمیشە خەیاڵیان لای ئەوەیە کە گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن، هەروەها گەندەڵی لە عێراقدا لە ئاستێکی بەرزدایە.

شوان کەلاری، گوتی: "بەغدا جێگەی متمانە نین، لەو ژوورە لەگەڵ سەرکردەکانی رێکدەکەویت، لەو ژوورەی دیکە ئەندام پەرلەمانەکانیان کارەکە سفر دەکەنەوە".

لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، دوای پەیوەندی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی جددی ئەنجامدەدەن.

گوتیشی: "ئەو خاڵانەی نێوان هەرێم و بەغدا کە تێڕوانینی جیاوازیان لەسەرە پێشبینی دەکرێت لەسەری رێکبکەون".

شوان کەلاری، ئەوەشی خستەڕوو، تێڕوانینی جیاواز لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، هەروەها هەرێمی کوردستان هەموو نیازپاکییەکی خۆی نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)،پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 26/7/2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە دەچێتەوە بەغدا.

گوتیشی: "لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق درێژە بە کۆبوونەوەکانمان دەدەین، بەو ئامانجەی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و مووچەی مووچەخۆران بگەینە رێککەوتن".

هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.

پێشتر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاندبوو. لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا، شاندی حکومەتی عێراق داوایان کردووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و لەبارەی چەند خاڵێک بەرچاو روونی زیاتری پێدەدەن، دواتر درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن.