نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمه‌ریکا و کەنەدا: به‌هێزترین چه‌ك بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كڕیزییه‌

"ئاڵای پیرۆزی کوردستان کە لە ئاستی جیهاندا ناسراوە و لە لایە زلهێزو دەوڵەتانی جیهانەوە دانی پێدانراوەو لە زۆر بۆنەو کۆشک و تەلاری جیهاندا بە شکۆوە شەکاوەتەوە"

پاركی شار له‌ ناوه‌ڕاستی شاری هه‌ولێر
پاركی شار له‌ ناوه‌ڕاستی شاری هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمه‌ریکا و کەنەدا، له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سەرەڕای قوربانی زۆر، تاکو ئێستا مافەکانمان بەدی نەهاتوون. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ "به‌هێزترین چه‌ك بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی یاسایی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كڕیزییه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ـی ته‌مموزی 2023، نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمه‌ریکا و کەنەدا، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، پێویستییەکانی خەباتی نەتەوەیی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان، دەخوازێ یەکریزتر لە تێکۆشان بۆ ئازادی بەردەوام بین.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، مخابن لە رۆژانی رابروودا کۆنفراسێک بۆ یادی 100 ساڵەی لۆزان، لە شاری لۆزانی سویسرا بەرێوەچوو، لە کاتێکدا یادی غەدرێکی مێژوویی لە کورد دەکرایەوە کە بەو دابەشکارییە لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا، کەچی رێكخەرانی کۆنفرانسەکە بە دانانی ئاڵای کوردستان وەکو ئاڵای باشووری وڵات و هەروەها داتاشینی دەستەواژەی ''گەلانی کوردستان'' سەلماندیان کە بەداخەوە  نەک ئەزموونیان لە مێژوو وەرنەگرتووە، بەڵکو گوتارو کرداریان دووپاتکردنەوەی سیاسەتی ژەهراوی داگیرکەرانی کوردستانە.

دووپاتیشكرایه‌وه‌،  كه‌ لە ئێستادا، بەهێزترین چەک بۆ پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان، یەکڕیزییه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لەم قۆناغەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان کە لە ئاستی جیهانی دا ناسراوەو لە لایەن زۆر زلهێزو دەوڵەتی جیهانیشەوە دانی پێدانراوەو لە زۆر بۆنەو کۆشک و تەلاری جیهان دا بە شکۆوە شەکاوەتەوە، هێماو رەمزی نەتەوەیی هەموو کوردێکی دڵسۆزه‌.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ یادی سه‌د ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزاندا له‌ وڵاتی سویسرا لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنێکی دیكه‌ كۆنفرانسێك رێکخرابوو، هاوكات پارته‌ كوردستانییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا رایانگه‌یاندبوو، ئه‌و كۆنفرانسه‌ ته‌نیا سووكایه‌تیكردن بوو به‌ مێژووی سه‌د ساڵه‌ی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.