نزار حەیدەر: خودی حکومەتی عێراق لە بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجە ناڕازییە

نزار حەیدەر، لێکۆڵەری سیاسی و بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی لە واشنتن
نزار حەیدەر، لێکۆڵەری سیاسی و بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی لە واشنتن

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەرێکی سیاسی و بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی لە واشنتن، رایدەگەیەنێت، کاتێک رێککەوتن دەکرێت لەنێوان هەولیر بەغدا هەمیشە هەندێک لایەن کۆسپ دروست دەکەن لەبەردەم ئەم رێککەوتنە و هەوڵدەدەن هەڵیوەشێننەوە. هاوکات گوتیشی: خودی حکومەتی عێراق لە بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجە ناڕازییە.

نزار حەیدەر، لێکۆڵەری سیاسی و بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی لە واشنتن، لە میانەی بەشداریکردن لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمیر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، حکومەت پڕۆژە یاسای بودجەی ناردە نێو پەرلەمانی عێراق کە رێککەوتنی لەسەر کرابوو لەنێوان لایەنەکان، هەمان کات حکومەتی هەرێم و بەغدا رێککەوتنیان هەبوو لەسەر ئەم پڕۆژەیە، کاتێک رەوانەی پەرلەمان کرا بینیمان چەندین گۆڕانکاری تێدا کرا، هەندێک لە پەرلەمانتاران بڕگە و ماددەکانیان دەستکاریکرد و گۆڕییان تەنانەت حکومەتی عێراقیش تانەی لە هەندێک بڕگەو ماددەکانی یاسای بودجە دا.

هاوکات راشیگەیاند، دادگای فیدرالیش داوا دەکات هەندێک لە ماددەکانی یاسیا بودجە کارپێکردنی تێدا بوەستێندرێت، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیس تانەی لە هەندێک لە بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجەدا.

ئەو لێکۆڵەرە سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، کاتێک رێککەوتن دەکرێت لەنێوان هەولیر بەغدا هەمیشە هەندێک لایەن کۆسپ دروست دەکەن لەبەردەم ئەم رێککەوتنە و هەوڵدەدەن هەڵیوەشێننەوە، هاوکات حکومەتی عێراق ناتوانێت تا ئەو ساتە ئەو پابەندییانەی خۆی جێبەجێ بکات کە رێککەوتنی لەسەر کردووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها چەند لایەنێک دەیانەوێت ئاستەنگ بخەنە بەردەم رێککەوتنی هەولێر و بەغدا.

نزار حەیدەر، گوتیشی: "پێویستە هەموو لایەنەکان لەگەڵ رێککەوتنەکان مامەڵە بکەن، بۆ ئەوەی عێراقییەکان بزانن کێ هەڵەیە و کێ راستە، کێ پێشێلی دەستوور دەکات، بۆ ئەوەی بۆ هەمووان روونبێتەوە".

لەبارەی جیاکاری لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا، لێکۆڵەری سیاسی و بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی لە واشنتن، رایگەیاند، نابێت حکومەتی فیدراڵی هیچ لایەنێک بێبەش بکات لە شایستە داراییەکان، ناکرێت جیاکاری بکرێت لە نێوان فەرمانبەراندا، ئەگەر جیاکاریش بینرا پێویستە هەموو هاووڵاتییەک سکاڵا تۆمار بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، دەستووری عێراق چارەسەری بۆ تەواوی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دیاریکردووە، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئامادەنین پابەندی دەستوور بن.